بایكۆتی پارتی بۆ هەڵبژاردن چۆن كار لە پێوەندیی هەولێر و بەغدا دەكات؟

:: PM:05:08:19/03/2024 ‌

دوای ئەوەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و حكوومەتی هەرێم پاڵپشتیی خۆیان بۆ حكوومەتی عێراق و هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ هەرێم دەربڕی، بەڵام دوور لە رێككەوتننەكانی هەردوولا، دادگەی فیدراڵیی عێراق لە رێگەی بڕیارە سیاسی و نادەستوورییەكانییەوە، كەوتە نەیاریی هەرێمی كوردستان وەك قەوارە و حكوومەت و هاووڵاتییان، دوای بڕیارەكەی دوێنێی پارتی بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چاودێران پێشبینی سەرهەڵدانی تەنگژەی نوێی سیاسی لە عێراق دەكەن. 

دوێنێ دووشەم مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كرەوە و رای گەیاند كە ناچێتە ژێر باری پەسەندكردنی بڕیاری نادەستووری و سیستمێكی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەكانی و بەشداری هەڵبژاردنێك ناكات كە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێكی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت.

لەوەش زیاتر مەكتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی كردەوە كە لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنی سیاسی و ئیداریی پێكهێنانی كابینەی ئێستەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكاتیی محەمەد شیاع سوودانی، بە پێچەوانەوە ناتوانین لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بین.

ئەو دوو هەنگاوەی پارتی، وەك گەورەترین حزبی كوردستان و عێراق، وای كرد پرۆسەی سیاسی لە عێراق مەترسی بكەوێتە سەر، كە وای كرد چەند لایەنێكی سیاسی لە عێراق وریایی لە سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی نوێی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر بدەن، چەند سەرچاوەیەكی سیاسی بە "عەرەبی جەدید"یان راگەیاند، دوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، مەترسی هەیە بڕٍیارەكانی داهاتووی پارتی بگاتە ئاستی هەڵپەساردنی بەشداریی وەزیرانی كورد لە حكوومەتی سوودانی. 

ئەو سەرچاوانە روونیان كردەوە، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چەندان سەردانی سیاسیی سەركردەكانی عێراق بۆ هەولێر دەست پێ دەكات بە مەبەستی هێوركردنەوەی دۆخی نێوان بەغدا و هەولێر، جیا لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەوەش رێگری لە پارتی بكەن لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن یان وەرگرتنی بڕٍیاری تری سیاسی كە كاریگەری بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی و حكوومەتی سوودانی هەبێت، چونكە ئەگەر پارتی لێی بكشێتەوە، كاریگەری گەورەی دەكەوێتە سەر، بەتایبەتی لە سایەی بایكۆتی رەوتی سەرد لە بەشداریكردن لەو حكوومەتە.

عارف حەمامی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، حكوومەتی عێراق نایەوێ تەنگژەی نوێی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بكات، بە پێچەوانەوە بە درێژایی ماوەی رابردوو كاری لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی پێشتر كردووە و هەوڵی داوە بە تەواوەتی كۆتاییان پێ بێت، بۆیە كاری سیاسی و حكوومەتی لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەپێی دەستوور بەردەوامە.

روونی كردەوە، پەرەپێدانی هەڵوێستە سیاسییەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، كێشەی نوێی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست دەكات، ئەوەش ئێمە نامانەوێت، بۆیە سەركردە سیاسییەكان لە پێوەندیدان لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و رێگرتن لە پەرەسەندنی نوێ لەو نێوان بەغدا و هەولێر.

لای خۆیەوە محەمەد عەلی حەكیم، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو دۆخەی ئێستە دروست بووە ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر دەكات، كە رەنگە كاریگەری و لێكەوتی سیاسی بۆ سەر سەقامگیریی حكوومەتی سوودانی هەبێت و دروست بكات.

روونی كردەوە، بایكۆتكردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنی كوردستان، هەوڵێكە بۆ گوشارخستنە سەر بەغدا و هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی دوایی دادگای فیدراڵی، بۆیە پێشبینی دەكەین پەرەسەندنی سیاسی لەلایەن پارتییەوە بەردەوام بێت و ئەگەرێكی دووریش نییە بەشداریی پەرلەمانتار و وەزیرانی كورد لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بێتە هەڵپەساردن، بۆیە ئەگەری هەیە لە قۆناغی داهاتوو چەند تەنگژەیەك لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان سەر هەڵبدات.

لای خۆیەوە یاسین عەزیز، توێژەری سیاسیی كورد پێشبنی دەكات پارتی پەرەی زیاتر بە هەڵوێستەكان بەرانبەر بە بەغدا بدات لە رێگای كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، ئەوە ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی نەگەڕێنەوە، پێش بەیاننامەكەی دوێنێ، پارتی دەستی بە هاوێشتنی چەند هەنگاوێكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەران و هەوڵەكانی بچووككردنەوەی قەوارەی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستان كردووە.

ئاماژەی كرد، پارتی هەستی بە نەبوونی رژدی و گرنگینەدان بە ناڕەزاییەكانی لەلایەن حكوومەتی سوودانی و سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد، بەوپێیەی ئەوەی كۆیان دەكاتەوە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، بۆیە پارتی پەنای بۆ پەرەسەندنی دۆخەكە برد، كە دەكرێ بە مەترسیدار وەسف بكرێت، چونكە بەشداری نەكردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانایەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە ناهیڵێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی گەورەترین حزبی هەرێمە و سەرۆكایەتی و حكوومەتی هەرێمی بەدەستەوەیە، بۆیە لە رووی كردەنییەوە بێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ناكرێت.  

ئەو توێژەرە سیاسییە دووپاتی دەكاتەوە، ئەو سیناریۆیەی پێشبینیكراوە، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رێككەوتنی سیاسی نەگەڕێنەوە كە حكوومەتی سوودانی لەسەر بنەما پێكهێنراوە، پارتی پەنا بۆ پەرەسەندنی زیاتر بەرانبەر بە بەغدا دەبات، لەوانەش كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر هێزەكانی چوارچێوە وەڵامی نەدەنەوە و بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكان لەگەڵی دانەنشین، هەنگاوەكانی پارتی بەردەوام دەبن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل