فەرمانبەرێك: ئەو یەكێتییەی خەڵكی شاگەشكە كرد ئێستە بێدەنگە و هیچ هەڵوێستی نییە

:: PM:09:08:19/03/2024 ‌

لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنەكەی لە بەغدا موزایەدەیان دەكرد و خەریكی چەواشەكاری بوون، دەیانگوت ئەگەر سەر بە بەغدا بین مووچە و بودجەمان بۆ دێت، مانگانە بەبێ دواكەوتن مووچە دابەش دەكرێت، كەچی ئێستە فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، دەستیان بە بایكۆتی دەوام كردووە، پەرلەمانتارێك دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوانەی دڵیان بە بەغدا خۆشە، هیچ لە مێژووی ئەو وڵاتە تێنەگەیشتوون.

ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەك فەرمانبەری سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچە دەستیان بە بایكۆتی دەوام كردووە، كە لەلایەن بەغدا نەنێردراوە و دواخراوە، كاتێك بەغدا سیاسەتی برسیكردن جێبەجێ دەكا و زیاتر لە سێ هەفتەیە دابەشكردنی مووچەی دوا خستووە، ئەو فەرمانبەرانەش دەوام ناكەن و مامەڵەی هاووڵاتییان رایی ناكرێت، ئەوە ئەو بەغدایەیە كە یەكێتی لەبارەیەوەی خۆڵی كردە چاوی خەڵكی سلێمانی و موزایەدەی بەسەرەوە دەكردن.

نەجوا كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بەغدایەی كە هەمیشە بە چاوی دوژمنكارانەوە سەیری كورد و كوردستانی كردووە، دوو دەیەیە مافی خەڵكی كوردستان نادات كە لە دەستوور هاتووە، ئەو بەغدایەی پێشێلكاری لە دەستووردا دەكات، ئەو دەستوورەی وڵاتی رێكخستووە، ئێستەش هیچ نەگۆڕاوە و ئەوانەی دڵیان بە بەغدا خۆشە، هیچ لەبارەی دەسەڵاتدارانی نازانن و هیچ لە مێژووی ئەو وڵاتە تێنەگەیشتوون.

زیاتر گوتی، ئێمە لە ناوخۆ زۆر پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی هەبوو، پێویستمان بەوە هەبوو هەمووان دەست لەناو دەست بەرانبەر بەغدا بوەستین و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەین و پێداگریش لەسەر مافەكان بكەین، ئەوەتا دواخستنی پارە لەلایەن بەغداوە ناڕەزایەتیی فەرمانبەرانی سلێمانی لێ كەوتووەتەوە، فەرمانبەریش هەقی خۆیەتی، چونكە خەڵك بەو مووچەیە دەژیت، بەڵام بەغدا خەڵكی هەرێم برسی دەكات.

لای خۆیەوە هەردی ئەحمەد، فەرمانبەر لە سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، چەند ساڵێكە بەهۆی ئەوەی مووچە دوا نەكەوتووە، فەرمانبەران بایكۆت و مانیان لە دەوام نەكردووە و بەردەوام كاری خۆیان كردووە و هیچ گرفتێك نەبووە، تا رادەیەكی باش كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دیاری كراوە و لە سەرەتای مانگەوە دەست بە دابەشكردن كراوە، بۆیە فەرمانبەر دەوام و كاری خۆی كردووە و مووچەشی لەكاتی خۆیدا وەرگرتووە.

روونی كردەوە، ئەو چەند مانگە مووچە و پارە لە بەغداوە دێت، فەرمانبەران لەكاتی خۆیان مووچە وەرناگرن و كاتی دابەشكردنیشی دیار نییە، ئەمە بەغدایە كە دەیانگوت زۆر باشە و گرفتی مووچە نامێنێت، ئەوەش هەوڵەكەی یەكێتییە كە هەموو خەڵكیان تووشی شاگەشكە كرد، گوایە ئیتر گرفت دروست نابێت، كەچی هەر خۆشیان ئێستە بێدەنگن و هیچ هەڵوێست و قسەیەكیان نییە.

پێوەست بە بابەتەكە هەرێم جەلال، مامۆستا بە "وشە"ی گوت، ئەگەر ئەمە مامەڵە و سیاسەتی بەغدا بێت بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، دەبێت فەرمانبەران لە دواكەوتنی مووچەكانیان هەفتەیەك دەوام بكەن و هەفتەیەك ناڕەزایەتی و مانگ بگرن، خۆ چەند رۆژی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، چەند فراكسیۆنێك، بەتایبەتی فراكسیۆنی یەكێتی، مێشكی خەڵكیان خستبوو بە ناوی كۆتاهاتن بە دواكەوتنی مووچە.

دووپاتی كردەوە، ئێستە هەرێم داهاتی نییە و نەوتیش نافرۆشێت و هەمووی لای بەغدایە، ئەگەر بەغدا هەر مانگە و بیانووێك بگرێت و بە هۆكارێك مووچە دوا بخات، دەبێت كێ هەبێت دڵی پێی خۆشبێت، شتێكی روونە كاتێك خۆت خاوەنی داهات و ئابووری نەبیت، دەبێت هەمیشە چاوت لە دەستی كەسی ترەوە بێت و ناتوانیت ئەوە بكەیت كە خۆت دەتەوێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت