چاودێران: بە هەر یاسایەك هەڵبژاردن بكرێت پارتی زیاترین كورسیی پەرلەمان دەستەبەر دەكات

:: PM:09:55:19/03/2024 ‌

نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە لەوكاتەی بە بەردەوام یەكێتی و لایەنەكانی تر كێشەیان بۆ هەڵبژاردن دروست كردووە و ترسیان لێی هەبووە، ئێستە بایكۆتی پارتی ئەوە ناگەیەنێت كە ترسی لە هەڵبژاردن هەیە، چونكە هەموو كات دەنگی پێویستی خۆی هێناوە، بەڵام لەبەر پرۆسەی سیاسیی هەرێم، نابێت هەڵبژاردن بە ئاقارێكی نەگونجاودا بڕوات و دەستی ناحەز و نەیار بكەوێتە ناویەوە، بە حەزی خۆیان دەستكاری كورسی و بازنە و یاسا و وردەكارییەكانی پرۆسەكە بكەن.

لەمبارەیەوە پشتیوان قەرەداغی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە"وشە"ی گوت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە و لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە  پشتبەستن بە دەنگەدری خۆی توانیویەتی لە هەموو هەڵبژادنەكانی كوردستان پلەی یەكەم بەدەست بێنێت، ئەگەر رێژەی كورسییەكانی كەمیشی كردبێت، لەسەر ئاستی هەرێم بە بەراورد بە رێژەی كورسیی حزبەكانی تر هەر یەكەم بووە.

ئاماژەی كرد، دەنگی پارتی تا رادەیەك رێژەی نەگۆڕە، پێم وایە هەر چۆن و بەهەر یاسایەك هەڵبژاردن بكرێت، پارتی زۆرترین رێژەی دەنگدەری هەیە و زیاترین كورسی لە بەرانبەر راكابەرەكانی دەستەبەر دەكات، لەوكاتەی كەمكردنی ژمارەی كورسی بە مانای دۆڕاندن نایەت، بەڵكو دیموكراسی و شەفافیی هەموو حزب رێكخراو و بزووتنەوەیەك لە هەڵكشان و داكشانی ژمارەی دەنگەكانی بەدەر دەكەوێت، پارتیش لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەنگ و كورسییەكانی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمەش پشتڕاستكردنەوەی ئەوەیە كە حزبێكی دیموكراسی و یاسایی و جەماوەرییە.

ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە دەڵێت، هەر حزبێك بەپێی بەرژەوندیی خۆی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەڕوانێت، ئەگەر بزانێت لە یاسای هەڵبژاردندا رێككەوتنی ژێر بەژێر بەرانبەری ئەنجام دەدرێت، زۆر ئاسایی و یاساییە داكۆكی لە مافی دەنگدەری خۆی و ئایندەی حزبەكەی بكات، بۆیە بایكۆت و تانەدان یان نەچوونە ژێر باری ئەو یاسایەی پێی وایە دژی داڕێژراوە، بۆ هەموو حزبێك نە خیانەتە و نە پاشەكشەیە لە دیموكراسی، بەڵكو زیندوویی و دووربینیی ئەو حزبە دەردەخات.

"بۆ یەكەمجارە پارتی بڕیارێكی ئەوها لە مێژووی خۆی بدا و بایكۆتی هەڵبژاردن بكات، بە دڵنیاییەوە حزبێكی وەك پارتی تۆكمە و دووربین لەخۆڕا ئەو بڕیارەی نەداوە، ئەوەی گرنگە بۆ پارتی ئاخۆ جەماوەر و دەنگدەری خۆی پشتگیری لێ دەكەن یان نا؟، كاردانەوەی پارتییەكان دوای بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە، دەرخەری ئەوەیە كە تا ئێستەش پارتی حزبێكە توانیویەتی مەركەزیەتی خۆی بپارێزێت، چونكە پشتگیرییەكی تەواوی لایەنگر و كادر و ئەندام و دەنگدەری خۆی بۆ بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن هەبوو"، پشتیوان قەرەداغی وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە دیاری رەفیق، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە حزبی یەكەم بووە و لە هەڵبژاردن ناترسێت، لەوكاتەی یەكێتی دەزانێ ئێستە كە یاسای هەڵبژاردن و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی خۆیەتی، بۆیە سوورە لەسەر هەڵبژاردن، لەكاتێكدا هیچ كات ئامادە نەبوو بچێتە ناو پرۆسەكەوە.

دووپاتی كردەوە، لە رابردوودا ئەوەی كە كۆسپ بووە لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێتی و لایەنەكانی تر بوون، ئێستەش كە پارتی تێبینی لەسەر پرۆسەكە هەیە، ئەوە ناگەیەنێت كە ترسی لە هەڵبژاردن هەبێت، بەڵكو هەموو كات پارتی دەنگی پێویستی خۆی دێنێت و هەموو كات بەهێزە، بەڵام لەبەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمەكە نابێت بە ئاقارێكی ناپەسەند و نەگونجاودا بڕوات و دەستی ناحەز و نەیار بكەوێتە ناو هەڵبژاردنی هەرێمەوە، بە حەزی خۆیان دەستكاری كورسی و بازنە و یاسا و وردەكارییەكانی پرۆسەكە بكەن.

"پارتی دیموكراتی كوردستان بەو جەماوەرە خۆڕسك و بەهێزەی لە كوردستان هەیەتی پشتئەستوورە، هەموو كات یەكەم بووە و ئامادە بووە بۆ هەموو هەڵبژاردنێك، وەك حزبەكانی تر لەرزۆك و بێ ئیرادە نییە كە نەتوانێت گرفتەكانی بەردەمی چارەسەر بكا و خۆی لە تەنگژەكان رزگار نەكات، بەڵكو پارتی لە مێژوودا ئەوكاتە زیاتر بەهێز بووە كە نەیارانی گومانیان كردووە كە لاواز بووە، ئێستەش ئەم پیلانگێڕییەی كە یەكێتی و هاوسۆزەكانی دژی قەوارەكە و پارتی ئەنجامی دەدەن، بە دڵنیایەوە پارتی بە سەركەوتوویی لێی دەردەچێ و مێژووش گەواهیدەرە بۆ رووداوەكانی رابردوو، كە چۆن ئەو حزبە موعجیزەی خولقاندووە"، دیاری رەفیق وا دەڵێت.

وشە/ تایبەت  



وشە - تایبه‌ت