شەڕی غەزە زیانێكی زۆری لە كۆكاكۆلا و ستاربەكس و پێپسی و ماكدۆناڵدز داوە

:: AM:10:17:20/03/2024 ‌
بەڕێوەبەری جێبەجێكار و خاوەنی زنجیرەی خواردنە خێراكانی ماكدۆناڵدز دەڵێت، كۆمپانیاكەی تووشی دابەزینێكی گەورەی دارایی بووە، لە دوای ئەو مشتومڕەی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین هاتە ئارا.

بەهۆی شەڕی غەزە لەم پێنج مانگەدا، زنجیرە چێشتخانەی خواردنی خێرای ئەمەریكی "ماكدۆناڵدز" بەهۆی پشتیوانیكردنی لە ئیسرائیل، زیانی نزیكەی حەوت ملیار دۆلاری بەركەوتووە.
 
یان بۆردێن بەڕێوەبەری گشتیی ماكدۆناڵدز دەڵێت، بەهۆی ئەو بایكۆتەی لە وڵاتانی عەرەبی و دنیای ئیسلامی دژی چێشتخانەكانی ماكدۆناڵدز هەیە، شەش ملیار و 870 ملیۆن دۆلار زیانیان بەركەوتووە.

 هەر بەهۆی ئەو بایكۆتەوە لە هەفتەی ڕابردوو، نرخی هەر پشكێكی ماكدۆناڵدز لە 295 دۆلارەوە بۆ 278 دۆلار دابەزیوە.

 بۆردێن ددان بەوەش دا دەنێت كە بەردەوامیی شەڕی غەزە هاوشان لەگەڵ كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمەكانی لە چین، لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ فرۆشی خواردنەكانی كەم بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش داوە، فرۆشی چارەكی یەكەمی ئەمساڵیشیان پێدەچێت كەمتر بێت لەو ئاستەی پێشتر پێشبینییان كردبوو.

 ماكدۆناڵدز یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی رۆژئاوا كە بەهۆی پشتگیریكردنی ئیسرائیلەوە لە شەڕی غەزە، بەرهەم و خواردنەكانی لە بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بایكۆت كراوە.

 بەشێك لەو كۆمپانیایانەی تر كە بەرهەمەكانیان بایكۆت كراوە، بریتین لە بێرگەر كینگ، KFC، كۆكاكۆلا، ستاربەكس و پێپسی. هەموو ئەوەش لەبەرئەوە بووە ئەو كۆمپانیایانە بەشێكیان بە ئاشكرا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە و بەشێكیشیان پێوەندیی داراییان لەگەڵیدا هەیە.
 
ماكدۆناڵدز كۆمپانیایەكی ئەمەریكی-نێودەوڵەتیی خواردنی خێرایە و بارەگای سەرەكیی لە ویلایەتی شیكاگۆیە. لە ساڵی 1946 دامەزراوە و بەپێی دواین ئامار، زیاتر لە 40 هەزار لقی لە 118 وڵاتی دنیا هەیە.

خواردنگەكانی ماكدۆناڵدز بەوە ناوبانگیان هەیە كە دیارییەكی بچووك لەگەڵ خواردنی منداڵاندا پێشكەش دەكەن، ئەویش بریتییە لە دروستكراوەی یەكێك لە كەسایەتییە كارتۆنییەكان كە منداڵان حەزی پێدەكەن.

ماكدۆناڵدز قازانجی گەورە دەكات لە دنیادا، لە ساڵی 2001 قازانجی گەیشتە نزیكەی 14 ملیار دۆلار.




وشە - سۆران عەزیز