بەهۆی ئابڕووچوونەوە راگری كۆلێجێك دوور دەخرێتەوە

:: PM:08:24:20/03/2024 ‌

خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پارە نییە، زۆرجار، بەتایبەتی لە ناوەندی زانكۆ و فێركردن و تەنانەت لە فەرمانگەكانیش، پەنا بۆ بەكارهێنانی دەسەڵات و نمرە و سەرخستن لە وانەكان دەبرێت بۆ تێركردنی حەز و ئارەزووەكان، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق راگری كۆلێجێك لە بەسرە بەهۆی ئابڕووچوونێكەوە دوور دەخاتەوە.

وەك لە نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە واژووی نەعیم عەبوودی، وەزیری وەزارەتەكە هاتووە، بڕیار دراوە عیماد شەعلان شاوی، لە پۆستی راگری كۆلێجی كۆمپیۆتەر و تەكنۆلۆجیا و زانیاری لە زانكۆی بەسرە دوور بخرێتەوە، تا كاتی لیژنەی لێكۆڵینەوە كارەكانی تەواو دەكات كە نابێت لە 60 رۆژ زیاتر بخایەنێت، هۆكاری ئەو بڕیارەش بەهۆی وێنەگرتنی كچەقوتابییەكە بە كامێرای نهێنی لە نووسینگەكەی.

لە سۆشیال میدیا چەند گرتەیەكی ئەو راگرە بڵاو كرایەوە كە بە كامێرای نهێنی گیراوە كە لە بەشی سەرەوەی نووسینگەكەی دانراوە، تیایدا ئەو راگرە لەگەڵ كچەقوتابییەك لە دۆخێكی ئابڕووبەرانەدان، رێكخراوێكی مافی ژنانیش دەڵێت، ئەوە یەكەمجار نییە گوێبیستی ئەو جۆرە كارانە لەو زانكۆیە دەبین، تەنانەت بۆ بێدەنگكردنمان هەڕەشەیان لێ كردووین، بۆیە پێویستە زانكۆی بەسرە لە دەسەڵاتی میلیشیا و حزبە سیاسییەكان پاك بكرێتەوە، چونكە دامەزراوەیەكی فێركارییە و پێویستە رێزی بگیرێت. 

یەم دواییە سۆشیال میدیای عێراق پڕی گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ئابڕووبەرانە بوو، تیایاندا راگری كۆلێجی كۆمپیۆتەر لە زانكۆی بەسرە لە دۆخێكی حەیابەرانە لەگەڵ كچەقوتابییەك لە نووسینگەكەی دەردەكەوێت، ئەوەش دەری دەخات كە لەو كۆلێجە كاری ناچاركردنی كچەقوتابییان بۆ ئەو كارە دەكرێت، چالاكان دەڵێن تۆمەتباری سەرەكی راگرەكەیە.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەڵێت، رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بە راگرەكە وەرگیراوە، لەوانە دوورخستنەوەی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش پێكهاتووە و دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان ئەنجامەكان دێتە راگەیاندن و بەپێی یاسا سزای رێككاری دەردەكرێت.

چەند سەرچاوەیەك ئاماژە دەكەن كە ژمارەیەك كچەقوتابی باسی ئەوەیان كردووە راگرەكە و ژمارەیەك مامۆستا قوتابییان ناچاری ئەو كارانە دەكەن لە بەرانبەر پێدانی نمرە و تێكڕای سەركەوتن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانكۆیی.

یەكێك لەو كچانەش ئەوەیە كە لە گرتەكان دەرچووە، كاتێك ئەو راگرە وێنەی گرتووە و ڤیدیۆكەی بۆ رەوانە كردووەتەوە و هەڕەشەی لێ كردووە ئەگەر نەیتەوە لای بڵاوی دەكاتەوە، ئەوەش وای كردووە كچەكە گرتەكە بە ونكردنی وێنەكەی، لە یەكێك لە سۆشیال میدیاكان بڵاو بكاتەوە، ئەو سۆشیال میدیایەش گرتەكەی بڵاو كردووەتە وە وێنەیەكیشی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوانە كردووە.

شایەنی باسە بەپێی چەند ناوەندێكی توێژینەوە كاری هەراسانكردن و ناچاركردنی سێكسی لە عێراق روو لە هەڵكشانە، لە 2022 بەپێی راپۆرتێكی روانگەی مافی مرۆڤی عێراق چەندان حاڵەتی مەترسیداری هەراسانكردن لە نەخۆشخانە و زانكۆ و میدیاكانی عێراق هەبووە، كە تیایدا ژنان بۆ چارەسەری و هەلی كار ناچاری سێكسكردن كراونەتەوە.     









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل