"سیاسەتی دژایەتیی كورد و كوردستان ناچێتە سەر و هەرێم خاوەن ئیرادەیە"

:: PM:09:36:20/03/2024 ‌

شارەزا و چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات نایاساییە، پێیان وایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باشتر لە بەغدا دەیتوانی ئیدارەی دارایی و ئابووری هەرێم بدات و ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتییان فەراهەم بكات، لەوكاتەی بەغدا هیچكات ناتوانێت مافی خەڵكی كوردستان بدات، چونكە ئەو خۆی لە دژایەتیی كوردستان دەبینێتەوە، جا چۆن دەیەوێ خزمەت بە كوردستان بكات؟

 لەوبارەوە رێبوار بابكەیی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم، وەك ئەوەی لە ماوەی رابردوو دروست بوو، كارێكی خراپ و ناجۆر بوو، هەر لایەنێك ببێتە هۆكاری ئەوەی حكوومەت دەسەڵاتی نەمێنێ و ئەو دەستكەوت و مافانەی كە هەیەتی رادەستی بەغدای بكات، ئەوە كارێكی هەڵە دەكات، چونكە هەرێم كاتێك بەهێز دەبێت كە خاوەن دەسەڵات بێ و سەربەخۆ كار بكات، كێ هەیە ئەوەی پێ خۆش بێت كە هەرێم خاوەن دەسەڵات نەبێت، داهاتی لە ژێر دەستی خۆی نەبێت و ژێردەستە بێت و بڕیاری بەسەردا بسەپێنرێت.

باسی لەوەش كرد، بەغدا هیچكات ناتوانێت مافی خەڵكی كوردستان بدات، چونكە ئەو خۆی لە دژایەتیی كوردستان دەبینێتەوە و چۆن دەیەوێ خزمەت بە كوردستان بكات؟، هەر ئەوەندەی مووچە رۆیشتە دەستی بەغدا لەو ماوەیە چی بە فەرمانبەران نەكردووە، بەغدا ئەوەی دەیویست هەرێم نەوتەكەی لەژێر دەست نەمێنێت تا هەقی ئەو چەند ساڵەی لێ بكاتەوە كە بە سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە، بۆیە ئەم جۆرە سیاسەتەی بەغدا زیاتر برسیكردنە نەك رێككەوتن، بەغدا شتێك نازانێت بەناوی رێككەوتن و جێبەجێكردنی، سیاسەتێك دەكا كە خۆی مەیلی بۆی هەیە، ئەویش دژایەتیكردنی كورد و كوردستان، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتە سەر و هەرێمی كوردستان خاوەن ئیرادەیە.

لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی پێوەندیی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، هیچكات بەغدا لە هەرێم و دەسەڵاتی حكوومەتەكەی باشتر نییە، چونكە ئەگەر دەسەڵات و ماف و ئابووریمان لەسەر بەغدا بێت، هەركات بیەوێ بڕیارمان بەسەردا دەدات، بەغدا هیچ كات ئامادە نەبوو كار بە دەستوور بكا و مافی كورد بدات.

زیاتر گوتی، هەركات بەغدا ویستبێتی كاری بۆ لاوازكردنی هەرێم كردووە، ئەو داهاتەی كە حكوومەت خۆی سەرپەرشتی دەكرد، ئێستە لە ژێر دەستی بەغدایە و دەبێت چاومان لەوە بێت كەی‌ دەیدات و كەی دەیبڕێت و كەی كێشە دروست دەكات، بۆیە هەرچەندە تێبینی زۆر لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی خۆمان هەبوو، بەڵام خۆمان باشترین نەك هیچ و كەس و لایەنێكی تر.

پێوەست بەو بابەتە بڵند فاتیح، چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، ئەگەر لایەنێكی سیاسی تەنیا بۆ شارێك خەبات دەكا و تەنیا بۆ شارێك دروست بووە، پێویست ناكات باس لە مافی چارەی خۆنووسین بكات، ئەگەر درووشمەكە دووڕوویی لەگەڵ خەڵكی كوردستان و حزبەكەشدایە، ئەوە بابەتێكی ترە، بەڵام هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و لە دەستوور ددانی پێدا نراوە، بۆیە هەرێم لە لایەن بەغداوە تووشی بڕینی مووچە و بودجە بووە.

باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان خاوەن حكوومەت و قەوارەیە، بۆیە بەغدا بە گوشار دەیەوێ بڵێت ئەو حكوومەتە نییە یان دەسەڵاتی پێ نەدات و دەسەڵاتەكانیشی لێ وەرگرێتەوە، لەو چەند مانگەی مووچەی لای بەغدا بوو دەركەوت بەغدا خەڵكی هەرێمی ناوێت و خزمەتی میللەتێك ناكات خاوەنی حكوومەتی خۆیانبن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل