چاودێرێك: ئەوەی بەغدا دەیكات برسیكردنە و ئەوەی یەكێتیش كردی سووكایەتی بوو بە فەرمانبەران

:: PM:09:41:24/03/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یارییەكی مەترسیدار دەكات، ئەوەی ئەو حزبە بەرانبەر بە مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغدا ئەنجامی دا، بەتەواوەتی سووكایەتی بوو، ئامانجی ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بوو، ئەگەرنا دەیانزانی بەغدا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات و هەمیشە دژی خەڵكی كوردستان بووە.

لەسەر ئەو بابەتە كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو سیاسەتە دووفاقییەی كە یەكێتی پێڕەوی دەكات، شتێكی روونە كە هیچكات بەرانبەر بەغدا نە هەڵوێستی دەبێت و نە قسەیەك دەكات و نە دەنگیش بەرز دەكاتەوە، چونكە بوێری ئەوەی نییە، ئەوانەی باسی مووچە دەكەن لە زۆنی سەوز كادری یەكێتین و لە سۆشیال میدیا باس لەوە دەكەن، حزبەكەشیان لەسەر ئاستی باڵا ناوێرێت داوای مووچە لەبەغدا بكات یان بڵێت بۆ مووچە نانێرن، چونكە خۆیان ئەو كارەیان كرد و ئەو دۆخەیان دروست كرد.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی یەكێتی دەیكات، گوشارە بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەك هەر مووچە، یەكێتی كێشەكانی تر كە خۆی پێی وایە كێشەیە، دەیانباتە بەغدا و پێی وایە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكات زۆر باشترە وەك ئەوەی لە ناوخۆی هەرێم چارەسەر بكرێت، بۆیە یەكێتی دەیەوێ لە دۆزی كورد بدات، لەكاتێكدا پارتی سەركردایەتیی دۆزی كورد دەكا و كار بۆ پاراستنی دۆزی كورد دەكات، یەكێتی هەموو ئامرازەكان بەكاردێنێت و درێژەپێدەری 16ی ئۆكتۆبەرە و دەیەوێ دۆخێكی ناهەموار دروست بكات.

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، یەكێتی وەك هیلالی شیعی كار دەكات، كار بۆ لێدان لە رەوتی نەتەوەییەكە دەكات و دواجاریش پاڵپشتی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی شیعە كرد، كە كاریان لێدانە لە پێگەی كورد، بۆیە سەرتاپای ئەو بڕیار و كارانەی دادگای فیدراڵی و دەستتێكەڵكردنی یەكێتیش لەوەدا، تەنیا گوشاركردنە بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە یەكێتی خۆی هۆكاری ئەو دۆخە بوو كە بۆ مووچە دروست بووە و چۆن داوا لە بەغدا بكات مووچە بنێرێت.

لای خۆیەوە مەهدی كاكەیی، رۆشنبیر و شارەزای سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، هێشتا هەرێمی كوردستان بەو مافانەی خۆی نەگەیشتووە كە لە دەستووری عێراق باسیان لێوە كراوە و دیاری كراون، چونكە هیچ كام لە حكوومەتەكانی بەغدا تا ئێستەش پابەندی دەستوور نەبوون، ئەوەشی ئێستە لەلایەن بەغداوە بەرانبەر بە هەرێم دەكرێت، سیاسەتێكی خراپ و هەوڵدانە بۆ لێدان لە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، یەكێتی خۆی داوای كرد مووچە بخرێتە سەر بەغدا، ئێستاش لە بەرانبەر ئەو ستەمەی بەغدا بەرانبەر بە مووچەخۆرانی هەرێم بێدەنگە و لەولاشەوە دەیەوێ خۆی بە فریادەڕەس یان خەمخۆر و دڵسۆزی فەرمانبەرانی هەرێم بزانێت، ئەوەش ئاشكرایە كە هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كە هەوڵی داوە مافە دەستووری و دەسكەوتەكان بپارێزێ و هەمیشە دوای پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكە كەوتووە، بە پێچەوانەی هەندێك لایەن كە هەوڵیان دا ئەو دەستكەوتانە رادەستی بەغدا بكەن و حكوومەت بێدەسەڵات بكەن، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات بەتەواوی پێچەوانەی هەموو مافێكی مرۆیی خەڵكە، كاركردنە بۆ ئەوەی برسیەتی لە هەرێم دروست بكات.

پێوەست بەو بابەتە سۆران هادی، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات ئەوپەڕی سیاسەتی برسیكردنە، لەوەش خراپتر، ئەوەی یەكێتی كردی سووكایەتی بوو بە فەرمانبەران، چونكە خۆیان باش دەیانزانی بەغدا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم ناكات، بەڵام ئامانج و مەرامەكەیان ئەوەبوو هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، ئەگەرنا لەوەتەی بەغدا هەیە بەتەواوی دژی خەڵكی كوردستانە، لەكاتێكدا مووچە مافی خەڵكە و پێوەندیدار نییە بە ناكۆكییەكان و دەبێت جیا بكرێتەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت