تەرمی یەكێك لە ونبووەكانی لافاوی دهۆك دۆزرایەوە

:: PM:12:24:28/03/2024 ‌
تەرمی یەكێك لە ونبووەكانی لافاوی دهۆك دۆزرایەوە، بەرپرسێكی بەرگریی شارستانیی دهۆك دەڵێت، تەرمەكە لەناو سەنتەری شاری دهۆك بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی ئادار، بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆك بە، "وشە"ـی راگەیاند، دوای 10 رۆژ لە لافاوەكەی شاری دهۆك، توانرا تەرمی یەكێك لە ونبووانی لافاوەكە بدۆزرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە هەوڵەكانمان بۆ دۆزینەوەی دووەم تەرمی لافاوەكە لەلایەن تیمەكانمانەوە بەردەوامە، تەرمی ونبووەكەش لە سەنتەری شاری دهۆك دۆزراوەتەوە.

لە رۆژی 19ـی ئادار بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە، لافاو لە شاری دهۆك رووی دا و بەهۆیەوە سێ كەس گیانیان لە دەست دا كە یەكێكیان بەهۆی تەزووی كارەباوە بوو، لەو رۆژەیشەوە تەرمی دوو لە قوربانییەكان نەدۆزرابوونەوە، هەر بەهۆی لافاوەكەیشەوە 11 كەس بریندار بوون و جگە لە زیانە زۆرە مادییەكان، سەتان كەسیش بێ ماڵوحاڵ بوون.



وشە - رامیار جەواد