رۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیل له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوای له ئیسرائیل كردووه، وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه نه‌داته‌وه كه ئێران كردوویه‌تیه سه‌ر ئیسرائیل.
پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 14ی نیسان، له رۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی "ناوی نه‌هێناوه" هه‌واڵه‌كه‌ی وه‌رگرتووه و بڵاوی كردووه‌ته‌وه، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، قسه‌یان كردووه و ئیسرائیل ویستوویه‌تی وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئێران بداته‌وه، به‌ڵام بایدن پێی راگه‌یاندوون وه‌ڵام نه‌ده‌نه‌وه.
به‌پێی گوته‌ی سه‌رچاوه‌كان، نه‌ته‌نیاهۆ داوای له بایدن كردووه به زووترین كات هێرش بكرێته سه‌ر پێگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، به‌ڵام بایدن پێی گوتووه وه‌ڵامی ئێران نه‌داته‌وه.
هه‌ردوو پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكی ''CNN'' و ''ئه‌كسیۆس'' ئاشكرایان كرد، بایدن له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا دوای هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ته‌لئه‌بیب، به بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگی ڕاگه‌یاندووه، به‌شێك نابن له هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه بۆ سه‌ر تاران و دژی ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕن به‌رانبه‌ر ئێران.
دوای هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ته‌لئه‌بیب، بایدن به سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگی گوتووه، به‌شدار نابن له هێرشكردنه سه‌ر ئێران و شه‌ڕ ڕاناگه‌یه‌نن، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی پێگه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، بایدن به نه‌ته‌نیاهۆی گوتووه، پیرۆزه بردته‌وه و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان مووشه‌ك و درۆنه‌كانی ئێرانمان بۆ خستیته خواره‌وه، هێنده به‌سه و پاڵپشتی هێرشی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئێران ناكه‌ین، له وه‌ڵامدا نه‌ته‌نیاهۆ به بایدنی گوتووه، لێت تێده‌گه‌م.
میدیاكانی ئیسرائیل ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئیسرائیلی بڵاویان كرده‌وه، پێیان وایه به‌شێكی گه‌وره‌ی هێرشه‌كانی ئێران ئه‌نجام دران، بۆیه ئیسرائیل رێی داوه هاووڵاتییان له ناو حه‌شارگه‌كاندا بێنه ده‌ره‌وه.
دوێنێ ئێران هێرشی كرده سه‌ر ئیسرائیل و باس له‌وه ده‌كرێ 331 مووشه‌ك و درۆنی ره‌وانه‌ی ئیسرائیل كردووه. ئیسرائیل ده‌ڵێ 99%ی مووشه‌ك و درۆنه‌كانی له ئاسمان ته‌قاندووه‌ته‌وه و ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌ك كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه، به‌ڵام هیچ زیانێكیان نه‌بووه و ته‌نیا منداڵێك به سووكی بریندار بووه.
ئێران ئه‌و هێرشه‌ی له تۆڵه‌ی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كونسوڵگه‌كه‌ی له دیمه‌شق ئه‌نجام دا كه به هۆیه‌وه حه‌وت فه‌رمانده‌ی باڵای فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران كوژران.