ئامارێكی ئەمەریكی- ئیسرائیلی لەبارەی هێرشەكەی ئێران بڵاو كرایەوە

:: PM:02:07:14/04/2024 ‌
رۆژنامەیەكی ئەمەریكی و هاوكات رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی، ئاماریان لەبارەی ئەو هێرشەی دوێنێی ئێران كە كردیە سەر ئیسرائیل بڵاو كردووەتەوە. لەو ئامارەدا بە وردی ئاماژە بە ژمارەی مووشەك و درۆنەكان كراوە كە ئاراستەی ئیسرائیل كراون.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 14ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژەی بەوە داوە كە ئێران لە هێرشەكەی بۆ سەر ئیسرائیل، 330 مووشەك و درۆنی بەكار هێناوە. ئاماری رۆژنامە ئەمەریكییەكە، لە چەندان بەرپرسی ئیسرائیلیی وەرگرتووە، جیالەوەی ئەمەریكا خۆیشی چاودێری رژدی هێرشەكە بووە.

رۆژنامە ئەمەریكییەكە زیاتر دەڵێ، ئێران لەو هێرشەیدا 185 درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، هەروەها 36 مووشەكی كرووز و 110 مووشەكی زەوی- زەوی بەكار هێناوە و كاتی هێرشەكەیشی پێنج سەعاتی خایاندووە.

لەلایەكی تریشەوە رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، ئەوە یەكەمین هێرشە لە دوژمنداری و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، راستەخۆ بیكاتە سەر ئیسرائیل. بۆیە سوپای ئیسرائیل دەڵێ زۆربەی مووشەك و درۆنەكانی ئێران بەرلەوەی بگەنە خاكی ئیسرائیل، تێكشكێنراون.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەكەیدا دەڵێ، 99%ی ئەو مووشەك و درۆنانەی ئێران ئاراستەی خاكی ئیسرائیلی كردووە، لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و هاوپەیمانانەوە تێكشكێنراون.

لەلایەكی تریشەوە بەپێی گوتەی پەیامنێری رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كە لە سەرچاوە تەناهییەكانی ئیسرائیلی وەرگرتووە، بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریكا و بەریتانیا، توانیویانە لە دووریی سنووری ئیسرائیلەوە، 100 درۆن تێكبشكێنن.

دواتریش میدیاكانی ئیسرائیل لەبارەی تێچووی هێرشەكەی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، ئێران لەو هێرشەیدا یەك ملیار دۆلاری لەسەر كەوتووە.

دوێنێ ئێران هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و باس لەوە دەكرێ 330 مووشەك و درۆنی رەوانەی ئیسرائیل كردووە. ئیسرائیل دەڵێ 99%ی مووشەك و درۆنەكانی لە ئاسمان تەقاندووەتەوە و تەنیا چەند دانەیەك كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێكیان نەبووە و تەنیا منداڵێك بە سووكی بریندار بووە.

ئێران ئەو هێرشەی لە تۆڵەی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی كونسوڵگەكەی لە دیمەشق ئەنجام دا كە بە هۆیەوە حەوت فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د