چاوەڕێ دەكرێ ئەمڕۆ ئیسرائیل وەڵامی هێرشەكانی ئێران بداتەوە

:: AM:11:45:15/04/2024 ‌
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی، ئەمڕۆ لەسەر زاری سێ بەرپرسی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، چاوەڕێ دەكرێ هەر ئەمڕۆ دووشەم، ئیسرائیل وەڵامی بۆ ئەو هێرشانەی ئێران هەبێت كە پێری شەو كردیە سەر ئیسرائیل.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، سێ بەرپرسی ئەمەریكی كە قسەیان بۆ رۆژنامەیی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" كردووە و گوتوویانە، چاوەڕێ دەكرێ هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل وەڵامی هێرشەكانی ئێران بداتەوە. ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، هۆشداریی داوە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە لە وەڵامی ئێران پەلە نەكات و بۆ وەڵامی خێرای ئەمەریكا بەشداری ناكات.

ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا ئەوەشیان گوتووە، ئەمەریكا بەشداریی لە هێرشێك ناكات كە ئیسرائیل بیكاتە سەر ئێران، بەپێچەوانەوە بەرەیەكی دیپلۆماسی لەگەڵ هاوپەیمانانی پێكدێنێ تا شەڕێكی گەورە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگرێتەوە و رێ لە فراوانبوونی جەنگێكی هەرێمی دەگرێت.

تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمەریكی لەسەر زاری پیتەر لیرنەر گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل، چەندان بژاردەی هێرشیان بۆ سەر ئێران خستووەتەڕوو، بژاردنەكان هێرشی سەربازین و بۆ ئەوەیش حكوومەتی جەنگی ئیسرائیل، بڕیار دەدات ئەمڕۆ یان رۆژانی داهاتوو، كردەی سەربازی ئەنجام بدات.

پێرێ 13ی نیسان، ئێران هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و باس لەوە دەكرێ 330 مووشەك و درۆنی رەوانەی ئیسرائیل كردووە. ئیسرائیل دەڵێ 99%ی مووشەك و درۆنەكانی لە ئاسمان تەقاندووەتەوە و تەنیا چەند دانەیەك كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێكیان نەبووە و تەنیا منداڵێك بە سووكی بریندار بووە.

ئێران ئەو هێرشەی لە تۆڵەی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی كونسوڵگەكەی لە دیمەشق ئەنجام دا كە بە هۆیەوە حەوت فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د