بانكی نێودەوڵەتی: 75 وڵات لەژێر هێڵی هەژاریدان و تاك مانگی 110 دۆلاریشی نییە

:: PM:06:44:15/04/2024 ‌


لە ڕاپۆرتێكی نوێیدا، بانكی نێودەوڵەتی هۆشداری دەداتە وڵاتە زلهێزەكان كە بەتەنگ وڵاتانی هەژارەوە بێن، چونكە گەشەی ئابووریی زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان لە پاشەكشەدایە، لە بەرانبەردا نیوەكەی تر گەشەیان زۆر زیاد دەكات.

وا دیارە دۆخەكە گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی سۆسیالیستی دژی سەرمایەداری و وەک كارل ماركس دەیگوت: "تا دێت هەژاران هەژارتر و زەنگینەكان زەنگینتر دەبن" ئەوەتا بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ئەمڕۆ دووشەم، 15ی نیساندا دەڵێت، زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن كە دەگاتە 75 وڵات و نیوەكەی تریش ڕۆژ بە ڕۆژ زەنگینتر دەبن، ئەمەش پاشەكشەیەكی بێ وێنەیە بۆ ماوەی سەت ساڵ ڕووی دابێت.

ئەیهان كۆسی، جێگری گەورەشارەزای ئابووریی بانكی نێودەوڵەتی كە یەكێكە لە داڕێژەرانی ڕاپۆرتەكە، ڕای دەگەیەنێت، بۆ یەكەم جارە هیچ نزیكبوونەوەیەك لە نێوان ئاستی وڵاتانی هەژار و وڵاتانی زەنگیندا نییە و تا دێت جیاوازیی نێوانیان زیاتر دەبێت، ئەمەش پاشەكشەیەكی مەترسیدارە، بۆیە پێویستە هۆشداری بدەینە وڵاتان.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو 75 وڵاتە كە قەرزی بێ سوودچوونەسەری بانكی نێودەوڵەتی دەیان گرێتەوە، لەژێر مەترسییەكی تردان، چونكە ماوەی 10ی گەشەپێدانیان دەفەوتێت ئەگەر گۆڕانكاری بە سیاسەتەكانیاندا نەكەن و هاوكاریی نێودەوڵەتی نەكرێن.

زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتانەی چوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، كەوتوونەتە كیشوەری ئەفەریقا و 14 وڵاتیش لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەشت وڵاتیش لە ئەمەریكای لاتین و ناوچەی دەریای كاریبین. 

بەپێی پێوەری بانكی نێودەوڵەتی بۆ ڕێژەی هەژاری، 31 وڵاتی نێو ئەو لیستەدا، داهاتی تاك ساڵانە كەمترە لە هەزار و 315 دۆلار. واتە مانگانە كەمتر لە 110 دۆلار.



وشە - عەبدوڵا عومەر