ئەمەریكا بۆ سوودانی: دەست بە هەناردەی نەوتی کوردستان بکەنەوە

:: PM:11:34:15/04/2024 ‌
لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی سوودانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە، دووبارە دەست بكرێتەوە بە هەناردەی نەوتی كوردستان و چارەسەركردنی گشت ئەو کێشانەى كە بەربەستن لەبەردەم پرۆسەكەدا، هاوكات دووپات لە گرنگیی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كراوەتەوە.

ئەمڕۆ 15ی نیسانی 2024، سەرچاوەیەكی نزیك و ئاگەدار لە كۆبوونەوەكانی نێوان شاندى حكوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە محەمەد شیاع سوودانی و شاندى عێراق كردووە، دووبارە دەست بكەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دووپاتیشی لە گرنگیی چارەسەركردنی گشت ئەو كێشانە كردووەتەوە كە لەمپەر و رێگرن لەبەردەم پرۆسەكەدا. 

سەرچاوەكە ئەوەیشی گوت، محەمەد شیاع سوودانی و شاندى عێراقی هاوڕا بوونە لەگەڵ داواكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەسەر گرنگیی دەست كردنەوە بە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ كۆمەڵگەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستان "ئەپیكۆر" رای گەیاند، زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تا ئێستە. گفتوگۆكانیش لە تەواوی ئاستە باڵاكانەوە بەردەوامە بۆ دووبارە دەست كردنەوە بە هەناردەی نەوتی كوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود