لە رووی داراییەوە عێراق چ سوودێك لە سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن دەكات؟

:: PM:05:49:16/04/2024 ‌

ئەگەرچی سەردانی سەرۆك وەزیرەكانی عێراق بۆ ئەمەریكا و دیداریان لەگەڵ سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە شتێكی رۆتینییە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە دەیان دۆسیەی گرنگی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ و رێككەوتنی لەسەر بكەن، ئەمەریكا وەك جوگرافیا و وزە و وەبەرهێنان پێویستی بە عێراق هەیە، هاوكات عێراق خۆشگوزەرانی و بەدبەختیی بەدەست ئەمەریكاوەیە، شارەزایەكی دارایی باسی گرنگیی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن لە رووی داراییەوە دەكات.

ساڵح مەسرەفی، شارەزای دارایی باسی سێ لایەنی ئەرێنیی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ واشنتن لە رووی داراییەوە دەكات، پێی وایە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارەكانی سەرنج دەخاتە سەر پابەندبوونی عێراق بە رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و قاچاغی دۆلار و سەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی بازرگانیی عێراق و حەواڵەی دەرەكی بە دۆلار، بە دروستكردنی دیودەری و دوورخستنەوەی گومانەكان لەسەر كەرتی دارایی و بانكی عێراق و بەرەوپێشبردنیان. 

دووپاتی كردەوە، پێشبینی دەكرێت دوای كۆتاهاتنی سەردانەكە بڕیاری لابردنی سزای ئەمەریكا لەسەر 10 بانكی تایبەتی عێراقی بۆ واژووكردنی ئامادە بێت، هەروەها پابەندیی عێراق بە رووبەڕووبوونەی قاچاغی دۆلار، وێنەیەكی ئەرێنی دەبەخشێت و وا دەكات ئەمەریكا لە دۆسیەی دۆلار پاڵپشتیی عێراق بكات، بەوەش نرخی دۆلار لە بازار سەقامگیر دەبێت، ئەگەرچی ئەو بابەتە پێوەستە بە هۆكاری تر وەك تەنگژە سیاسی و ناوچەییەكان دەوروبەری عێراق.  

شایەنی باسە دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئەم مانگە گەیشتە ئەمەریكا، چەندان دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ساز كرد، ئەمڕۆ چاوی بە بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا و شاندی هاوڵی كەوت، باسی چەندان پرسی هاوبەشی پێوەندیداریان بە لایەنی دارایی و بانكی و چاكسازییەكانی كەرتی دارایی و بانكی لە عێراق كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل