بۆچی بایدن سزای قورس ناخاتە سەر كەرتی نەوتی ئێرانەوە؟

:: PM:06:49:16/04/2024 ‌

ئێران و ئەمەریكا دوو نەیارە سەرسەختەكە، هاوكات ئەوان لە چەندان بواردا لێكتێگەیشتنیان هەیە و بە هێڵی سووری یەكتر دەزانن و مامەڵەیەكی ناراستەوخۆ دەكەن، لە رووی سەربازی و سیاسییەوە تا ئەو سنوورە نەیاری یەكترن كە زیانیان پێ ناگات و لە قازانجی هەردوولادایە، بە دیوە ئابوورییەكەشی هەر هەمان شتە، كاتێك ئەمەریكا هەڕەشەی سزاكانی سەر ئێران دەكات، ئەوەندە سزای دەدات كە تواناكانی سنووردار بكا و جڵەوی بگرێتەوە دەست، سزا خستنە سەر كەرتی نەوتی ئێران كارتێكی بەهێزی گوشارە، بەڵام واشنتن بۆچی دەستی بۆ نابات؟

شرۆڤەكاران دەڵێن، پێشبینی ناكرێت وەڵامدانەوەكەی ئێران بۆ ئیسرائیل ببێتە هۆی سەپاندنی سزای گەورە و كاریگەری ئابووری بەسەر هەناردنی نەوتی ئێران لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكاوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی مەترسی لای ئەو ئیدارەیە بە كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەو سزایە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و توڕەبوونی چین، كە گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێرانە. 

دوای هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، كۆمارییەكان لە ئەمەریكا دەستیان بە گوشاركردن كرد بۆ سەپاندنی سزای توندی ئابووری بۆ سەر ئێران، ئەوەش ئیدارەی بایدنی خستووەتە بەردەم كێشەیەكی قووڵەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئابوورییانەی ئێران بەهۆی هێرشەكەوە، واتە سزایەك بدۆزێتەوە بێ ئەوەی ببێتە پەرەسەندنی زیاتری ناوچەكە و بەرزبوونەوەی نەرخی نەوت و توڕەكردنی چین، ئەوەش وای كردووە هەندێك لە شرۆڤەكاران وای بۆ بچن كە رەنگە بایدن بە ناچاری دەست بۆ كەرتی نەوتی ئێران ببات، كە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەیە.  

سكۆت مۆدیل، ئەفسەری پێشوو لە "سی ئای ئەی" و سەرۆكی گرووپی رابیدان بۆ وزە دەڵێت، تەنانەت ئەگەر بڕیاری سزادانی ئێرانیش دەربچێت، زەحمەتە ئیدارەی بایدن هەوڵی جێبەجێكردنی سزاكان ئێستە هەن یان دەدرێن سەبارەت بە رێگرتن لە هەناردنی نەوتی ئێران بدات.

شارەزایان ئەو هەڵوێستەی بایدن بۆ كاریگەریی ئەو سزایە لەسەر نرخی نەوت و بەنزین لە ناوخۆی ئەمەریكا و كاریگەریی ئەو بابەتە لەسەر هەڵبژاردن كە ئەمساڵ دەكرێت دەگەڕێننەوە، جیا لە شێوانی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و چین، كە كڕیاری سەرەكیی نەوتی ئێرانە، بۆیە ئەوپەڕی ئەوەی ئەمەریكا بیكات سەپاندنی هەندێك سزای ئابووریی سووكە لەسەر ئێران، بێ ئەوەی دەست بۆ گرتنەوەی نەوتی ئێران ببات.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل