ژمارەی هێزەكانی ئێران لە سووریا كەم دەكرێتەوە و میلیشیاكان شوێنیان دەگرنەوە

:: PM:06:24:24/04/2024 ‌

پێدەچێت دۆخەكە بەرەو گەڕێكی تری پەرەسەندن و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێران و میلیشیاكانی بچێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو تەلئەبیب و تاران راستەوخۆ یەكتریان كردە ئامانج و پەیامی ئەوەیان بە یەك گەیاند كە مووشەكەكانیان دەگاتە خاكی یەكتر و دەتوانن بە ئاسانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی یەكتر بكەنە ئامانج، ئێستە ئێران بەشێكی هێزە سەربازییەكانی خۆی لە سووریا دەكشێنێتەوە و لە بری ئەوان میلیشیاكان بڵاو دەكاتەوە.

ئێستە جیا لە فەرماندە و ئەفسەرانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەناوی راوێژكاری سەربازی لە سووریا كار دەكەن و سەرپەرشتی هێرش و جموجۆڵی میلیشیا شیعەكان لەو وڵاتە دەكەن، دەیان میلیشیای عێراقی و حزبوڵای لبنانی و ئەفغانستانی و پاكستانی لە سووریا هەن، ئەوان بەناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریكردن لە رژێمی بەشار ئەسەد لەوێن، كەچی خزمەت بە ئەجیندا و بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەن، لەوانە گوشارخستنە سەر ئیسرائیل.

وەك میدیاكان بڵاویان كردەوە لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل و كوشتنی فەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران لە سووریان تاران پرۆسەی كشانەوەی راوێژكارە سەربازییەكانی لەو وڵاتە خێراتر كردووە و لە شوێنی ئەوان ئەندامانی حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقییەكانی بڵاو كردووەتەوە، لەناو بوونی دووبارەبوونەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ كوشتنی فەرماندە سەربازییەكانی، بە هاوشێوەی هێرشەكەی كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق، كە بووە هۆی كوژرانی سێ گەورە فەرماندەی پاسداران و دوو هێرشی گەورەی راستەوخۆی ئێران و ئیسرائیلی لە دوای یەكتر بە دوای خۆیدا هێنا. 

لەوكاتەی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا باسی ئەوە دەكات كە سێ هەزار سەرباز و راوێژكاری سەربازیی ئێران لە سووریا هەن، سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لبنانی و روانگەكە دووپاتی دەكەنەوە كە لە دوای هێرشەكەی دیمەشق، ئێران بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا كەم كردووەتەوە و ئەندامانی میلیشیا شیعەكان شوێنی ئەوانیان گرتووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل