لە ویلایەتێكی ئەمەریكا مامۆستایان دەتوانن چەك هەڵگرن

:: PM:07:30:24/04/2024 ‌

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی تێنسیی ئەمەریكی پڕۆژەیاسایەكی پەسند كرد رێگە بە مامۆستایان دەدات لە قوتابخانە و بە شاراوەیی چەك هەڵبگرن، لەناو بوونی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو پڕۆژەیاسایە، ئەگەرچی بۆ بەرپەرچدانەوەی رووداوەكانە، رەنگە كێشەی زیاتری لێ بكەوێتەوە.  

وەك ئەوەی رۆژنامەی "پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، بەپێی پڕۆژەیاساكە كە بە زۆرینەی 68 دەنگ بەرانبەر بە 28 دەنگ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی تێنسیی ئەمەریكی پەسند كراوە، رێگە بە هەڵگرتنی چەك بە شێوەیەكی شاراوە لەلایەن مامۆستایان لە قوتابخانەكان دەدرێت، ئەو مامۆستایەی دەیەوێ چەك هەڵبگرێت، دەبێت مۆڵەتی نووسراو لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ویلایەتەكە وەربگرێت. 

روونی كردەوە، هەروەها مامۆستایان دەبێت لە پشكنینی باگراوەندی كەسی تێپەڕ بن و ماوەی 40 سعات راهێنان لەسەر بەكارهێنانی دەمانچە بكەن، ناشبێت چەكەكان لە ئاهەنگ و بۆنەكانی قوتابخانە و لە یاریگە و هۆڵی یارییە وەرزشییەكان یان ئاهەنگەكان هەڵبگرن.

لە بەرانبەر بە پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە ناڕەزاییكاران لەبەردەم كۆمارییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تێنسی هوتافی ناڕەزایەتییان لێ دەدا، دوای پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە بۆ بەردەم بیل لی، فەرمانڕەوای كۆماریی ویلایەتەكە رەوانە كراوە بۆ پەسندكردنی، ئەگەر واژووی بكات دەبێتە یاسایەكی بەركار كە هەر لە یاساكەدا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی چەك هەڵدەگرن ناسنامەیان بۆ كەسوكاری قوتابیان و مامۆستایانی تریش ئاشكرا ناكرێت.

كۆمارییەكان پێیان وایە ئەو هەنگاوە بۆ بەرپەرچدانەوەی رووداوەكانی تەقەكردنە كە چەند جارێك لەو ویلایەتە رووی داوە، دیموكراتەكانیش كە نارازین، دەڵێن دەبوایە كەسوكاری قوتابیان لەسەر ئەو هەنگاوە رازی بن  و ئاگەداری ئەوانە بن كە چەكیان پێیە و قوتابخانەكان لە زیانگەیاندن بە هەر كەسێك لەو هەنگاوە بەرپرسیار بێت. 

ئەو بڕیارە دوای زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن لە قوتابخانەكان لە ئەمەریكا دێت، كاتێك مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانەكان لە قۆناغەكانی سەرەتایی تا پۆلی 12 دەتوانن بە شاراوەیی چەك هەڵبگرن و تەنیا ئیدارەی قوتابخانە و پۆلیس بەوان دەزانن.

شایەنی باسە تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا 16 رووداوی تەقەكردن لە قوتابخانەكانی ئەمەریكا رووی داوە، 13ی لە قوتابخانەكان بووە و نۆ كەس بەو هۆیەوە كوژراون و 23ی تریش بریندار بوون، لە 2023، 82 رووداوی تەقەكردن هەبووە و لە 2022ش 46 كەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل