عەبدولخالق تەڵعەت: لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو شتێك لەسەر هێرشەكەی كۆرمۆر ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:27:27/04/2024 ‌
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناو فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق رای گەیاند، دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی غازی كۆرمۆر و دەڵێت، "هیوادارین ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بە دەردی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رابردوو نەچن".

ئەمڕۆ شەموو 27ی نیسان، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای رووداوەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیژنەیەك لە فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق پێكهاتووە و نوێنەرەكان تێیدا بەشدارن و ئەمڕۆ چوونەتە كێڵگەكە و دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە.

زیاتر گوتی، فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق گرنگیی تەواو بە لێكۆڵینەوەكە دەدات، چونكە ئەو هێرشانە ئامانجیان تێكدانی ئابووری هەرێمی كوردستانە وەك عێراق، چونكە لە رووی وزە و كارەبا كاریگەرییەكەی بۆ سەر هەرێمە، ئەنجامی لێكۆڵینەوەیش لە كەمتر لە هەفتەیەك ئاشكرا دەكرێت و پێشكەش بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكان كە سەرۆك وەزیرانە دەكرێت.

باسی لەوە كرد، بابەتەكە پێوەندیی بە كەمتەرخەمی نییە و درۆنە و دیارە شوێنەكەی كوێیە، بەڵام پێش لێكۆڵینەوە ناكەوین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن كێ بووە و كێ هۆكارە، كێشەیەك هەیە ئەویش هیچ وڵات و لایەنێك ناتوانێ كۆنترۆڵی درۆن بكات.

بەگوێرەی قسەكانی ئەو، لە دوای لێكۆڵینەوەكان دەردەكەوێت ئاراستەی ئەو درۆن و مووشەكانە كوێ بووە، "ئێمە دەخوازین ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە بە دەردی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی تر نەچن".

ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ی نیسان، بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە شارەدێی قادر كەرم لە شارۆكەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌