"هێرشەكەی كۆرمۆر بە بەرنامەیە و لێدانە لە پێگەی ئابووریی هەرێمی كوردستان"

:: PM:09:13:27/04/2024 ‌

ئەوانەی بۆردمانی كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لە سنووری شارۆكەی چەمچەماڵ دەكەن، چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، كاتێك گرووپە چەكدارەكان بە بەردەوام هەرێم و كێڵگەی كۆرمۆر دەكەنە ئامانج، لەلایەكی ترەوە عێراق توانای كۆنترۆڵی ئەو دۆخەی نەماوە كە لە ناو خاكەكەیەوە هێرشی درۆنی دەكرێتە سەر دامەزراوە و كێڵگە فەرمییەكان، شارەزا و سیاسەتوانان هێرشەكە بە تیرۆریستی دادەنێن، پێیان وایە درێژەپێدەری ئەو هێرشانەن كە بەردەوام دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و ئامانجەكەش لێدانە لە ئابووریی هەرێمی كوردستان.
 
چەندانجارە لە ناو خاكی عێراقەوە هێرش دەكرێتە سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر، كە جیا لە سەرچاوەیەكی داهاتی دەوڵەت، خزمەت بە خەڵك دەكا و كارەبای بەشێكی هەرێمی كوردستان بەرهەم دێنێت، بۆیە لەلایەن ئەوانەی دژایەتیی كورد و كوردستان دەكەن و لەلایەن وڵاتێكەوە فەرمانیان پێ دەكرێت، دەكرێتە ئامانج، پێشتریش چەند جارێكی تر هێرشی هاوشێوەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو بەتەواوی بە ئامانجگرتنی كێڵگەكە بوو و قوربانی لێ كەوتەوە و كاری كردە سەر توانای بەرهەمهێنان.

ناسر هەركی، شارەزای سەربازی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو هێرشانەی لە رابردوو و تا ئێستەش دەكرێنە سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لەلایەن ئەوانەوەیە كە هەموو كات لە دەرەوەی یاسان، ئەوانیش دیارە لەلایەن كێوە ئاراستە دەكرێن و فەرمانیان پێ دەكرێت، چەندینجارە ئەو كارە ئەنجام دەدەن، بەوەش دژایەتیی خۆیان بۆ كوردستان دووپات دەكەنەوە، ئەوەیان یەكلا كردووەتەوە كە دژی كورد و كوردستان و دامەزراوەكانی بن.

باسی لەوەش كرد، ئەو هێرشە دوای ئەو سەردانە سەركەوتووەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دێت بۆ ئەمەریكا، هاوكات دژی سەردانەكەی سوودانیشە بۆ ئەمەریكا، ئەوان دەیانەوێ دژایەتیی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە بكەن كە ئەوەش دژی حكوومەتی عێراقە، لەوكاتەی بەغدا و لایەنە پێوەندیدارەكان توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو كارانەیان نییە، هەركات نزیكبوونەوەی باش لە نێوان عێراق و هەرێم هەبێت، ئەوان دەست دەدەنە ئەو كارانە و ئامانجیان تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و عێراقە، بەردەوامیش هێرشیان كردووەتە سەر بنكە و بارەگەی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە رەسووڵ رەئووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەر لایەن و گرووپێك ئەو كارەی كردووە، ئەوە تیرۆریستییە و لێدانە لە موڵكی گشتیی گەلێك، ئەو هێرشە مووشەكییانەی سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر بە بەرنامەی داڕێژراو لەلایەن گرووپ و تاقمەكان كە دەكرێنە سەری، درێژەپێدەری ئەو هێرشانەن كە بەردەوام دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، ئامانجەكەش بۆ لێدانە لە پێگەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندنە بە هەرێم، چونكە ئەو كێڵگە پێوەندیی بە هەموو ماڵێكەوە هەیە و زیان بە هەموو خەڵك و كارگە و شوێنەكان دەگەیەنێت، وەك ئەوەی سەرچاوەی كارەبای هەرێم بە ئامانج بگرن.

ئاماژەی كرد، ئەوانە دەیانەوێ لە رێی ئەو هێرشانەوە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە و گوشاری زیاتر بخەنە سەر حكوومەت، پێویستە حكوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر بە وردی ئیشی لەسەر بكەن، بەتایبەتی لەو كاتەی ئێستە كە ناوچەكە بە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی خێرادا دەڕوات، چونكە ئەگەر حكوومەت بە رژدی كار لەسەر ئەو هێرشانە نەكات، زیانی زۆر دەبێت، لەو رێیەوە دەیانەوێ لە پێگە و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بدەن.

هەر پێوەست بەو بابەتە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، دەبینین هێرشەكانی سەر كوردستان و كێڵگەی كۆرمۆر لەكاتێكدایە كە هەرێم و عێراق بە قۆناغێكی زۆر باش تێدەپەڕن و لێكنزیكبوونەوەی باش لە نێوانیاندا هەبوو و چارەسەری كێشەكان دەكرا.

روونی كردەوە، نەیاران بە كاتیۆشا و مووشەك پەلاماری بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەدەن، بەڵام  كۆرمۆر لەژێر دەسەڵاتی سەربازی و ئیداری و هێزی جیاوازدایە و تا ئێستە شوێن و بكەرانی ئەو هێرشانە ونن، لە رابردووش چەندانجار هێرش كراوەتە سەری بە مووشەك و كاتیۆشا، ئەمەیش جێی پرس و راڤەیە، لەبارەی هۆكارگەلی پشت ئەو هێرشانەوە.
 
وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل