واشنتن تایمز: ئێران كار بۆ وێرانكردنی سەربەخۆیی كوردستان دەكات

:: PM:04:04:25/05/2017 ‌

پێگەی "واشنتن تایمز"ی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێران بە چڕی كار لەسەر ئەوە دەكات، كوردستان و ئامانجەكەی وێران بكات، بەڵام سەرەڕای ئەوانەیش، كوردستان بەردەوامە لە نزیكبوونەوە و ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی. 
تاران لە ڕێی "پەكەكە و گۆڕان و حەشدی شەعبی" دەیەوێ كۆسپ و تەگەرەی گەورە بۆ بارزانی دروست بكات و لە ماوەی ڕابردوو هەڕەشەكانی ئێران لە زاری بەرپرسێكی پەكەكەوە بڵاو بوونەوە كە هەڕەشەی "لێدانی لە سەرچاوە دارایی و ئابوورییەكان"ی هەرێمی كوردستانی كرد. رۆژنامەكە وای نووسیوە.

بابەتەكەی "واشنتن تایمز" لەلایەن ڕەیچل ئەڤراهام وەك شرۆڤەیەك بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە ئامانجی دامەزراندنی هیلالی شیعە لە كەنداوەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوەی خستووەتە ڕوو كە پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئایا ئێران كار دەكات بۆ ڕێگری لە دامەزراندنی كوردستانی سەربەخۆ؟ ئایا لەگەڵ سووریا كار دەكەن لەپێناو پشتیوانی یەكتر بۆ ئەو ئامانجە ستراتیجییە؟ 

بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەكان، ئێران بە چڕی كار دەكات لەسەر كۆسپ و ڕێگری لە بەردەم دامەزراندنی "كوردستانێكی سەربەخۆ"، ئەمەش بەگوێرەی رۆژنامە ئەمەریكاییەكە "لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆیی لەناو كوردەكان دا، بەهۆی پشتیوانی لە گرووپێك كە بەرهەڵستی بارزانی دەكەن، ئەوان بۆیە وا دەكەن، چونكە خۆبەڕێوەبەری ئێستەی كوردەكان لە باكوری عێراق بە هەڕەشە بۆ سەر ئێران دەزانن، لەبەرئەوە تاران جیاوازی و ناكۆكی نێوان لایەنەكان قوڵتر دەكاتەوە، بۆ ئەوەی خێراتر و كاراتر خەونی كوردستانی سەربەخۆ وێران بكات كە ئێستە خۆیشیان /كوردەكان/ یەكڕیز نین".

هەروها ڕۆژنامەنووسی ئێرانی "موحسین بەهزاد كەریمی" دەڵێ، بەهەر شێوە و نرخێك بێ ڕێگە بە كوردستانی سەربەخۆ نادەین، كوردستانی سەربەخۆ لە باكوری عێراق واتە چوونە پاڵی كوردانی سووریا و پاشان كوردستانی توركیا و ئێران، بەشێك لە وڵاتانیش ئەو كەیسە بەكار دێنن بۆ فشارخستنە سەر ئێران بۆ ماوەیەكی دوورمەودا، بەڵام ئەمە تەنیا ئامرازێكی فشارە و ئەوان كورد بەكار دێنن و دەیانەوێ سوودیان لێ ببینن.

لە بەشێكی تری بابەتەكەدا "واشنتن تایمز" نووسیویەتی، بەشێك لەو گرووپانەی ئێران بۆ فشارخستنە سەر بارزانی بەكاریان دێنێت، بریتین لە "بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی كرێكارانی كوردستان". 

لە زاری بەرپرسێكی كوردی سووریا بەناوی "شێركۆ عەباس"، واشنتن تایمز نووسیویەتی، ئێستە ئێران لە ڕێی هاوكاری دارایی و كێشكردنیان گۆڕان و پەكەكە بەكار دێنێ، بەتایبەت پەكەكە ئامادەیە دژی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ بارزانی جەنگ هەڵبگیرسێنێت، ئەمەش دەستوەردانی ئێرانە بۆ ئەوەی تەنانەت ڕێگری لەوەش بكەن كە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن.

"ڕژێمی ئێران لە ساڵانی هەشتا پشتیوانی زۆری حزبەكەی تاڵەبانی كرد و دواتریش بەردەوام پشتیوانی حزبەكانی تر بووە، چەك و گولـەی پێداون، لەو ڕێگەیەوە ئێران تا قووڵترین خاڵی خاكی كوردستان كاریگەریی هەیە و كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە بنەڕەتدا كۆمپانیای سەربە ئێرانن و بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسدارانی ئێران كار دەكەن" رۆژنامەكە وای نووسیوە.

لەو شیكارییەدا لە زاری شێركۆ عەباس دەیگوازێتەوە كە ئێرانییەكان دەترسن كورد بگاتە دەریای ناوەڕاست بە هاوكاری دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش بە تەواوی خەونی ئەوان بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لەناو دەبات، بۆیە ئێران دووپاتی كردووەتەوە، لەگەڵ توركیا و سووریا و عێراق كار دەكات بۆ ڕێگری و لەناوبردنی سەربەخۆی كوردستان.

سەرچاوەكان لە بەغدا ئاماژە بەوە دەكەن كە "ئێران لە ڕێی سەركردەیەكی پەكەكە بەناوی ڕەزا ئاڵتوون لە ماوەی ڕابردوو هەڕەشەی ڕژدی لە هەرێمی كوردستان كرد و هۆشداری دا كە پەكەكە هێرش دەكاتە سەر سەرچاوە دارایی و ئابووریییەكانی كوردستان، جگە لەوەش، ئێران حەشدی شەعبی گەیاندووەتە سنوورەكانی كوردستان، ئەمەش هەڕەشەیەكی ترە لەسەر كوردستان".

نووسەر قسەكانی توێژەرێكی ئیسرائیلی بەناوی "مۆردچای كیدار"ی هێناوەتەوە كە دەڵێ، تەواوی هێزە شەڕكەرەكان لە سووریا و عێراق، ئێستە هێندە پێوەست نین بە شەڕی داعش، بەڵكو بە دوای گرەنتی شوێپێیاندا دەگەڕێن لە دوای جەنگەكە، ئەوان دەیانەوێ ئەوەی بە دەستیان هێناوە بیپارێزن، وەك هەڵۆكان لەسەر سەری مانگا زامدارەكان دەڕۆن و چاوەڕێ دەكەن تا دەكەوێ، ئینجا بەشی خۆیان تاو دەدەن و ئامانجی خۆیان دەپێكن.

ئەو بابەتەی پێگەی "واشنتن تایمز" لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە پێشڕەوی و هێرش بۆ ناوچەكانی باشووری شنگال بە ئاراستەی سنووری سووریا كردووە، بۆ گەرەنتی كردنی ڕێڕەوی گەیاندنی ئێران بە سووریا و لبنان و دەریای ناوەڕاست، كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیجییەكانی ئێران و بەردەوام ئەو وڵاتە هەوڵی دروستكردنی دەدات.






وشە - باز ئه‌حمه‌د