لەسەر دەرچوونی باوبژی ناوسك تا مردن بەردباران دەكرێ

:: PM:03:54:02/07/2017 ‌

دوای ئەوەی كەسێكی پاكستانی لە شەش مزگەوتی جیاجیا دەردەكرێ و ڕێگری لێ دەكرێ نوێژ لە مزگەوتەكان ئەنجام بدات، لە یەكێك لە مزگەوتەكان خۆی كردووەتە ژوورەوە و لەكاتی نوێژكردن هەوای ناوسكی لێ بەربووە، بەو هۆیەوە خەڵكی ناو مزگەوت سكاڵایان لە دادگا لەسەری تۆمار كردووە و دادگا حوكمی كوشتنی بۆ دەركردووە.

دادوەر لە كاتی دادگاییكردنی ئەو پیاوە گوتی، ڕەمەزان گرنگترین كاتی مسوڵمانانە و ئەو پیاوە بەهۆی با بەردان 53 كەسی لە مزگەوت ناچار بە دەركردن كردووە لەو كاتەی خەریكی نوێژكردن بوون، ئەمە كارێكی زۆر خراپە و پێویستە بەگوێرەی شەرع و ویستی خودا سزا بدرێ.

لە كۆتادا دادوەری دادگاكە حوكمی سەربڕین یان بەردبارانكردنی بۆ گەنجەكە تا كۆتاهاتن بە ژیانی دەركرد، داواكاری گشتی دەسەڵاتی دادوەری پاكستانیش لەوبارەوە گوتی، یاساكە بە تەواوی ڕوونە، پێویستە بەردباران بكرێ تا مردن، سەربڕینی ئازاری زۆری پێ نادات، بەڵكو بەردبارانكردنی بە ئازارترە و دەبێ بەو شێوەیە كۆتا بە ژیانی بهێنرێت.

محەمەد وەهابی ئەو پیاوە تەمەن 33 ساڵەیە كە حوكمی بەردبارانكردنی تا مردنی بۆ دەرچووە لەلایەن دادگا بەهۆی بەربوونی هەوای ناوسكی لە نێو مزگەوت و لەكاتی نوێژكردندا، میدیاكان ئاماژەیان بەوە داوە كە محەمەد بە دەست نەخۆشییەكی دەگمەن دەناڵێنێت، ئەویش ئاوسانی سكی و كۆبوونەوەی باوبژە بە بەردەوامی و بەشێوەیەكی خێرا، بۆیە كاتێك بگاتە ئەو حاڵەتە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ ڕێگری لە دەرچوونی باوبژی ناو سكی بكات.

ئەندرۆ جۆنز پسپۆڕ لە یاسای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ، هەرچەندە ئەو بەهۆی ئەو حاڵەتەوە بیانوویەكی بەهێزی هەیە، بەڵام هیچ پارێزەرێك بە هەر چەندێكیش بێ ناوێرن ببنە پارێزەری محەمەد وەهابی لەو دۆسیەیەدا، چونكە ڕەنگە سەرەنجام پارێزەرەكانیشی تێوە بگلێنرێن و هەمان حوكمی ئەو پیاوە بەسەر پارێزەرەكەشیاندا بسەپێنرێت.

محەمەد وەهابی دەڵێ، هەرگیز نەمویستووە بە ئەنقەست كارێكی وا بكەم، بەڵكو لە مسوڵمانبوون و دڵسۆزیم بۆ ئاینەكە چوومەتە مزگەوت، كاتێك حاڵیشم زۆر خراپ بووە ویستوومە ڕێگری لێ بكەم و دەستەكانیشم بە پشتەوەم گرتووە، بەڵام لە دەرەوەی توانای من بوو و نەدەتوانرا كۆنتڕۆڵ بكرێ.

دادوەر دەڵێ، ئەو كارێكی ئابڕووبەرانەی كردووە بۆ گاڵتەكردن بە ئاین و مزگەوت، وەك دادوەر پێویستە نموونە بین لە جێبەجێكردنی شەرع بەسەر مسوڵماناندا، ئەمەش كارێكی قبووڵكراو نییە بەگوێرەی شەرعی ئیسلام.

سەرچاوە/ worldnewsdailyreport



وشە - باز ئه‌حمه‌د