دوو گەورە بەرپرسی ئەمەریكا لە شەقامەكانی مووسڵ دەگەڕێن

:: PM:10:26:19/07/2017 ‌

سەرچاوەیەك لە شاری مووسڵ رای گەیاند كە هەریەك لە دۆگڵاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا و جەنەڕاڵ ستیڤن تاونسند فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش، ئەمڕۆ چوارشەم لە شەقامەكانی مووسڵدا گەڕاون.

بە پێی سەرچاوەكە سیلیمان و تاونسند لە شەقامەكانی بەری چەپی مووسڵ بە هاوەڵی لیوا نەجم جبووری فەرماندەی كردەوەگەلی نەینەوا گەڕاون و ئەوان لە نزیكەوە ئاگەداری دۆخی شارەكە بوون و قسەیان لەگەڵ ئەوانە كردووە كە لە شارەكەدا ماونەتەوە.

تاونسند بەر لە چەند رۆژێك رای گەیاند كە پێشبینی دەكات داعش نزیكەی 200 چەكداری لە مووسڵ مابێت و ئاماژەی كرد كە پاككردنەوەی شارەكەش پێویستی بەچەند هەفتەیەك هەیە.

ئەو جەنەڕاڵە ئاماژەی كرد كە گەڕەكە كۆنەكانی مووسڵ دووچاری وێرانكاری گەورە هاتوونەتەوە و واشنتن درك بەوە دەكات كە هۆكاری ئەو وێرانكارییە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە هاوبەشەكانی عێراق و چەكدارانی داعشن.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 دەستی پێ كرد و دوای نۆ مانگ جەنگی سەخت، لە 10ی ئەم مانگەدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادكردنەوەی تەواوی مووسڵی لە داعش راگەیاند، ئەگەرچی هێشتە شارەكە بە تەواوەتی لە پاشماوەی داعش پاك نەكراوەتەوە.

 سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل