ڕووسیا تانك بۆ عێراق دەنێرێت

:: AM:09:01:20/07/2017 ‌


یاریدەدەری سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری سەربازی و لۆجستی ئاشكرای كرد، تا كۆتای ئەمساڵ ڕووسیا كاروانێكی گەورە و زۆری تانكی جۆری T90 ڕەوانەی عێراق دەكات.

ڤلادیمێر كوجین لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "ئیزڤیستیا"ی ڕووسی ئاشكرای كرد، جگەلەو كاروانەی كە تا كۆتای ئەمساڵ لەو جۆرە تانكانە كە ڕەوانەی عێراق دەكرێن و لە ساڵی داهاتووش كاروانێكی تری كە لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری تانك پێك هاتوون، ڕەوانەی عێراق دەكرێن.

هەروەها گوتی، ئەمە بە پشتبەستن بە گرێبەستێكی نوێی عێراقە، ئامادەش نەبوو هیچ وردەكاری و زانیارییەك لەسەر ئەو گرێبەستە نوێیە و بڕی پارەكەی و جۆری ئەو چەك و كەلوپەلە سەربازییانە بخاتە ڕوو كە بەگوێرەی گرێبەستەكە بە عێراق دەدرێن.

بەرپرسێكی ڕووسیا بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، ئەو كاروانە یەكەم جارە كە دەبابە لەلایەن ڕووسیاوە ڕەوانەی عێراق بكرێ، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا.

هاوكات كوجین سووربوونی لەسەر ڕانەگەیاندنی وردەكاریی گرێبەستەكەی دووپات كردەوە و تەنیا بە شێوەیەكی گشتی گوتی، گرێبەستەكە سەدان دەبابە لەخۆ دەگرێ و بە بڕی زیاتر لە ملیارێك دۆلار جێبەجێ دەكرێت.

پێشتر میدیاكانی ڕووسیا بڵاویان كردەوە كە لە ساڵی 2017 وڵاتی ڕووسیا بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستێكی لەگەڵ عێراق، بڕی 73 تانكی جۆری تی 90 ڕەوانەی عێراق دەكات.

پێشتر لە سەردەمی حكوومەتی نووری مالیكی چەند گرێبەستێك لە نێوان عێراق و ڕووسیا واژوو كران، بەڵام دواتر گەندەڵی یەكجار گەورە لەو گرێبەستانە لەلایەن حكوومەتی عێراق و نووری مالیكییەوە ئەنجام درابوو، ئاشكرا بوون و ئەمەش دەنگدانەوەیەكی گەورەی میدیایی لە ناوخۆ و دنیا لێ كەوتەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د