جۆن مەكین تووشی شێرپەنجەی مێشك بووە

:: AM:09:33:20/07/2017 ‌

جۆن مەكین سێناتۆری كۆماریخوازی ئەمەریكا لە ویلایەتی ئاریزۆنا هەینی رابردوو نەشتەرگەری بۆ كراوە و پزیشكانیش گوتوویانە مەكین تووشی شێرپەنجەی مێشك بووە.

هاوكات نووسینگەی جۆن مەكین دوێنێ چوارشەم ئاماژەی بەوە كرد كە مەكین تۆمۆری مێشكی هەیە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، گوتەبێژی ئەو نەخۆشخانەیەی مەكین چارەسەر دەكات گوتوویەتی، خوێنی مەییو لە سەرووی چاوی چەپی مەكین هەیە و بە نەشتەرگەری هەوڵی دەرهێنانی دەدەن.

پیشبینی دەكرێت مەكین بكەوێتە ژێر چارەسەری كیمیا دەرمانی. ئەو تەمەنی ٨٠ ساڵە و پزیشكەكەشی دوای نەشتەرگەرییەكە گوتوویەتی دۆخی باشتر بووە.

نەخۆش كەوتنی مەكین لە ئەمەریكا دەنگدانەوەی هەبووە و دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكدا نووسیویەتی مەكین بەردەوام كەسێكی خەباتگێڕ بووە و نزای خێری بۆ دەكەین.

پێویستە بگوترێت مەكین لە ساڵی ٢٠٠٨ پاڵێوراوی كۆماریخوازان بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، بەڵام نەیتوانی لە ئۆباما بباتەوە.





وشە - سلێمان تاشان