داوا دەكرێت ئێزدییە رفێنراوەكان بۆ دەرەوەی عێراق بگەڕێندرێنەوە

:: PM:08:56:22/07/2017 ‌

ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دەستی بە هەوڵێك كردووە بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزدییانەی كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو رفێنراون و بەرەو دەرەوەی عێراق بردراون، ئەو داوای لە عێراق كرد كە كار بۆ گەڕاندنەوەی ئەوان بكات.

بە پێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی دەخیل، ئەمڕۆ شەموو ئەو پەرلەمانتارە لە بەغدا لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەتەوە و ئەوان باسی پرسی بوونی ژمارەیەك رفێندراوی ئێزدییان كردووە لەوانە ئافرەت و منداڵ لە وڵاتانی دەرەوەی عێراق.

بە پێی بەیاننامەكە دەخیل داوای كردووە كە پێویستە جموجۆڵێكی دیپلۆماسی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە هەبێت لەبارەی پرسی رفێندراوە ئێزدییەكان و پێویستە قسە لەگەڵ وڵاتانی پێوەندیدار بەو پرسە بكرێت كە پێشبینی دەكرێت تیرۆریستانی داعش ئەوانیان بۆ ئەوێ بردووە بەبێ زانیاری حكوومەتەكانیان.

دەخیل دووپاتی لەوەش كردووەتەوە كە پێویستە بە فەرمی ئەو رفێدراوانە بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە و گرنگیان پێ بدرێت و قەرەبوو بكرێنەوە، روونی كردەوە كە هەروەها پێویستە رفێنەران بگیرێن و دبرێنە دادگە، جا ئەگەر عێراقی بووبن ئەوە لە عێراق و ئەگەر بیانیش لە وڵاتانی خۆیان دادگەیی بكرێن. 

داعش لە 3ی ئابی 2014 رووی هێرشەكانی كردە سەر ناوچەی كوردانی ئێزدی لە شارۆكەی شنگال و دەوروبەری لە پارێزگەی نەینەوا و ئەو دوای داگیركردنی ناوچەكانیان رەشەكوژی خەڵكەكەی كرد و ئافرەت و منداڵانیشی وەك دیل بردن و ئەوانی لە بازاڕ فرۆشتنەوە و هەمان شەرعی كافرانی لەسەر جێبەجێ كردن، تا ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆتایی 2015 و تا ئێستەش سەتان لەو ئافرەت و منداڵانە رزگار كراون.

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل