لای هه‌موو كه‌س ڕوونه داعش چۆن ڕۆیشتن. ماوه‌ی سێ ساڵه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق، به هاوكاریی هاوپه‌یمانه‌كان هه‌موو هۆكارێكی سه‌ربازی و توانایه‌كیان به‌كار هێنا تا زۆربه‌ی ئه‌و خاكه‌ی داگیریان كردبوو، یان له‌لایه‌ن مالیكییه‌وه ڕاده‌ستیان كرا، وه‌ربگیرێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌زاران قوربانی لێ كه‌وته‌وه. ئه‌وه‌ی ڕوون نییه چۆن هاتن و كێ بوون؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دوو پرسیاره، مه‌به‌ست له چۆنیی ڕێگه جیۆگرافیاكه نییه، ئه‌وه‌یان ڕوونه كه زۆربه‌یان له ڕێی توركیاوه هاتن و هه‌ندێكیش ناوخۆیی بوون، ئه‌وه‌ش ڕوونه بریتیی بوون له ئیسلامییه توندڕۆكان.
ئه‌وه‌ی ڕوون نییه، ئه‌و مێزه نێوده‌وڵه‌تییه نهێنییه یان ئه‌و مێزه زلهێزه كامه بوو كه بڕیاری له‌سه‌ر داعش دا!. ئه‌گه‌ر كه‌مێك بچینه‌وه دواوه، ڕاپۆرته ستراتیژییه‌كه‌ی ساڵی 2006ی ئه‌مه‌ریكا ببینین و ته‌ماشای نه‌خشه پێشنیازكراوه‌كه بكه‌ین، ده‌بینین قۆناغی دوای به‌هاری عه‌ره‌بی و هاتنی داعش، خه‌ریكه له‌بار ده‌بێت بۆ جێبه‌جێبوونی نه‌خشه‌كه. ئه‌وان به ته‌واوی له‌سه‌ر خۆیان یه‌كلا كردووه‌ته‌وه كه ده‌بێ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی به‌ریتانیا و فڕه‌نسا دایانڕشتووه، بگۆڕێ و نه‌خشه‌یه‌كی تر جێی بگرێته‌وه كه له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و پێكهاته‌ی جیۆگرافی داڕێژرابێ. بۆیه ڕه‌نگه له دوای ئه‌و ڕاپۆرته و دواین ڕاپۆرتی ئه‌و وڵاته به‌راوردێك بكرێ، ڕه‌نگه وه‌ڵامه‌كه‌ی داعش چۆن هاتن و كێ بوون، ده‌ست بكه‌وێ.
سه‌ره‌تا بۆ نه‌خشه‌ی نوێ
كاتێك ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له مزگه‌وتی "ئه‌لنوور"ی مووسڵ گوتاری هه‌ینی پێشكه‌ش كرد، له شانۆیه‌ك ده‌چوو باسی سه‌رده‌مانی سه‌ده‌ی سیازده و چوارده بكات، به‌ڵام ده‌ركه‌وت مۆته‌كه‌یه‌كه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به ئازار ته‌نیوه، ئه‌وه‌ش كه هه‌موو ده‌یزانن بوونی ئه‌و هێزه‌یه كه بوو به واقیع، ئه‌وه‌ش كه كه‌س نایزانێ چۆن ئاوا به خێرایی هاتن و به‌و هه‌موو پلان و پیلانه تۆكمه‌یه‌وه، به خێرایییه‌كی له تیشك خێراتر خۆیان جێگیر كرد و ته‌نانه‌ت میدیایه‌كی پڕۆفیشناڵ هاوشێوه‌ی هۆڵیوود پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كردن. هێشتا وه‌ڵامی پرسیاره‌كان نه‌دراونه‌ته‌وه، كێشه‌ی قه‌ته‌ر و سعوودیه وه‌ك به‌شێك له‌و پلانه‌ی هه‌ر ده‌بێ دروست بێت، سه‌ری هه‌ڵدا و ده‌ركه‌وت، ئه‌و هه‌زاران ئۆتۆمبێله تۆیۆتا سفر كیلۆمه‌تره‌ی له قه‌ته‌ره‌وه به‌ره‌و مووسڵ ده‌ڕۆیشتن، بێ پیلان نه‌بووه و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌ستی تێدا هه‌بووه، تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی ئیتر پێویسته یارییه‌كه بگۆڕێ و جێگره‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌ڵست به ناوی حه‌شدی شه‌عبی كه به هه‌مان هه‌ناسه كار ده‌كه‌ن، دروست بكرێ.
ڕاپۆرته ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕوویان دا، به شنگالیشه‌وه، ئه‌مه‌ریكا پێشتر ئاگه‌داریان بووه، به‌ڵكو به‌شێك بووه له داڕشتنی پلانه جێبه‌جێكارییه‌كه‌ش كه قه‌ته‌ر و توركیا و مالیكی ئیشیان تێدا كردووه، نه‌ك ته‌نیا هێنانی تیرۆریستانیان گرتووه‌ته ئه‌ستۆ، به‌ڵكو خه‌رجییه‌كانیشیان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وان بووه. ئه‌مه‌ش دیسان پرسیارێكی تر دێنێته پێشه‌وه، تا دوێنێ بوو توركیا و قه‌ته‌ر له به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا بوون، ئه‌مه چی بوو وای كرد دوای كوده‌تاكه‌ی ئه‌نكه‌ره، له ڕووسیا نزیك ببنه‌وه، ئه‌ی چی بوو وای كرد قه‌ته‌ر به به‌ره‌ی ئێران هه‌ژمار بكرێ؟ ئه‌ی مالیكی كه هه‌میشه وه‌ك شیعه له به‌ره‌ی تارانه، چۆن به‌شێك بوو له‌و پلانه‌ی داعشی هێنایه عێراق؟ ڕه‌نگه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه، هه‌ندێكی كاتی هاتبێ و هه‌ندێكیشی بۆ دواتر بمێنێ.
كاتی له‌دایكبوونه
"ڕاڵف پیته‌رز" كۆڵۆنێلی پێشووی سوپای ئه‌مه‌ریكا، ڕاپۆرتێكی درێژ و وردی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی نوێی جیۆگرافیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌ند شوێنێكی تری دنیا ئاماده كردووه، تێیدا به ڕوونی و بێ شاردنه‌وه ده‌ڵێ، ئه‌م نه‌خشانه‌ی ئێسته هیچی وه‌ك خۆیان نامێنن و چه‌ند خاڵێكیشی خستووه‌ته ڕوو.
ئه‌و پسپۆڕه سه‌ربازی و ستراتیژییه ئه‌مه‌ریكاییه كه له‌وه‌ته‌ی وازی هێناوه، خه‌ریكی نووسینه و چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌مه‌ریكا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دنیا نووسیوه، پێی وایه "ئه‌م سنووره‌ی ئێسته كه به‌ریتانیا و فڕه‌نسا له سه‌ده‌ی نۆزده نه‌خشاندوویانه، به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی كراوه و دادپه‌روه‌رانه دانه‌ڕێژراوه".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه كه‌وانه‌ی كێشه‌كان به گشتی له باشووری ئه‌فه‌ریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چڕ بوونه‌ته‌وه و ئه‌و سنوورانه‌ش كه دروست كراون، هۆكارێكی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵچوونانه‌ن، بۆیه پێویسته بگۆڕێن و جارێكی تر دروست بكرێنه‌وه به شێوه‌یه‌ك نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و و ئاینه جیاوازه‌كان بگه‌ن به مافه‌كانیان و ڕازی بكرێن.
ڕاپۆرته‌كه له گۆڤاری سوپای ئه‌مه‌ریكا بڵاو كراوه‌ته‌وه و به ده‌گمه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌ماشا ده‌كرێ، به‌ڵام گرنگیی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له‌وێ داده‌نرێن، ته‌نیا بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نییه، وه‌ك ئه‌م ڕاپۆرته‌ی پیته‌رز كه له خاڵێكی تردا ده‌ڵێ، ڕه‌نگه نه‌توانرێ ته‌واوی كه‌مه نه‌ته‌وه و ئاینه‌كان ڕازی بكرێن، به‌ڵام به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و كه‌مینانه كه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یان ئاینێكی باڵا خۆیان گونجاندووه، ده‌كرێ پێكه‌وه گرووپیان لێ دروست بكرێ و ببنه وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان كه زۆر له‌م یه‌كێتییه تێكه‌ڵوپێكه‌ڵه‌ی ئێسته‌ی وڵاتان گونجاوتره كه له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراون، هه‌رگیز ڕێك نه‌كه‌وتوون.
ئه‌و كۆڵۆنێله له خاڵێكی تردا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه لۆژیكی نییه بگوترێ ئه‌و سنوورانه تازه سه‌دان ساڵه جێگیر بوون و نابێ بگۆڕێن، چونكه له بنچینه‌دا به جێگیری دروست نه‌بوون و هه‌ركات بگۆڕێن، خۆی له‌گه‌ڵ دۆخی نوێ ده‌گونجێنێ، به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ته‌نانه‌ت كێشه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیش به‌پێی نه‌ته‌وه و مه‌زه‌وه جیاكانی تێدایه، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی به كه‌مینه هه‌ژماریان كردوون و چه‌وسانه‌وه‌ی ئابووری و ئاینییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و دۆخانه بنبڕ بكرێ، پێویسته سنووره‌كان به‌پێی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه ناوخۆیییانه دابڕێژرێنه‌وه و ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌و پلانه چڕ بكرێته‌وه.
بۆ ده‌بێ ئه‌م سنوورانه بێنه گۆڕین؟
گۆڕینی نه‌خشه‌ی ئه‌و سنوورانه، بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌شێكیان مرۆیی و به‌شێكی تریشی ستراتیژییه، وه‌ك ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماژه‌یان پێ داوه، له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه:
یه‌كه‌م: نه‌هێشتنی ئه‌و سته‌مه‌ی به‌شێك له گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، وه‌ك كورده‌كان له نێوان چوار وڵات‌دا، بلووج و شیعه‌ی عه‌ره‌ب له ئێران و زۆری تر، به‌ڵام ئه‌و كه‌مینانه‌ی كه ناتوانن به ته‌نیا قه‌واره‌ی خۆیان هه‌بێ، وه‌ك مه‌سیحی، به‌هائی، ئیسماعیلی، ئێزیدی و ئه‌وانیتر، پێویسته به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان، ئه‌و قه‌واره نوێیه‌یان هه‌ڵبژێرن.
دووه‌م: ئه‌م سنووره نوێیانه، هۆكارێكی باشه بۆ زیاتر به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر، چونكه له دۆخی ئاوادا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان مه‌زه‌و و ئاینێكی دژ به ده‌وڵه‌تی پێوه لكاو، له‌گه‌ڵ گرووپه تیرۆریستییه‌كان ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر ناكات. كاتێك ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك سنووره‌كه‌ی ده‌پارێزن، ئه‌مه‌ریكاش له ڕێی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌و ناوچه‌یه، باشتر ده‌توانێ هاوكارییان بكات.
سێیه‌م: پاراستنی سه‌لامه‌تیی به‌رده‌وامیی ڕۆیشتنی نه‌وت كه له‌و ناوچانه زۆره. پێویسته هیچ كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی ڕێگر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی دیاری كراوه، به به‌رده‌وامی نه‌وته‌كه بڕوات.
چواره‌م: به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له نێوان گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییه جیۆ-سیاسییانه‌ی له سنووری وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێ، ئه‌م هه‌نگاوه له دیموكراتیش نزیكیان ده‌كاته‌وه.
به خوێن ئاو ده‌درێ
كورد ده‌ڵێ: "داری ئازادی به خوێن ئاو نه‌درێ، قه‌ت به‌ر ناگرێ" دیاره ئه‌م په‌نده لای ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیش په‌سنده، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خوێنه‌كه خۆیان نه‌یڕێژن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ی جگه له‌و گه‌له‌ی خوێنه‌كه‌ی ڕشتووه، بۆ خۆشیان زۆر بێت، چونكه وه‌ك له ڕاپۆرته‌كه‌ی ساڵی 2006 و ڕاپۆرته‌كه‌ی جۆ بایدن و ئه‌وه‌ی ڕاڵف پیته‌رز هاتوون كه 11 ساڵ له نێوانیاندا هه‌یه، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه به‌دی ده‌كرێ:
یه‌كه‌م: ئه‌م دابه‌شبوونه نوێیه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایه‌كه، به پێچه‌وانه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ی به‌ریتانیا و فڕه‌نسا كه ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه بووه و وای كردووه هه‌میشه كه‌مینه‌كان له ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا بچه‌وسێننه‌وه.
دووه‌م: ئه‌م گۆڕانكارییانه له سنووره‌كان و داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌یه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستی نوێیه، بۆیه ناتوانرێ به خێرایی و به ئاسانی جێبه‌جێ بكرێ. ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه، پێویستی به‌وه‌یه ئه‌و گه‌لانه خۆیان ڕازی بكرێن تا هه‌وڵی بۆ بده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ هه‌ندێكیان له كاتێكی زوودا ئه‌سته‌مه، پێویسته خوێنی بۆ بڕێژرێ و ڕێخۆشكه‌ر بدۆزرێته‌وه تا بیانووی ته‌واو هه‌بێت بۆ ئه‌و گۆڕانكاری و جیابوونه‌وانه.
كورد له‌سه‌ر ده‌ریای سپی و ده‌ریای ڕه‌شه
ڕاپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ژماره‌ی كوردیان بۆ 36 ملیۆن گه‌ڕاندووه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه گه‌وره‌ترین میله‌تی دنیایه خاوه‌نی قه‌واره‌ی خۆی نه‌بێ. ئه‌وان پێیان وایه له هه‌ر گه‌لێكی تری ناوچه‌كه زیاتر هه‌لی دروستبوونی قه‌واره‌ی خۆی هه‌یه، چونكه هه‌میشه ده‌رگه‌ی به ڕووی دۆستایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كراوه بووه. به‌پێی ئه‌و نه‌خشانه‌ی بۆ داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌مڵاندوویانه، ده‌بێ ئه‌و ده‌وڵه‌ته یان ئه‌و چه‌ند ده‌وڵه‌ته‌ی كوردستان له باكور بگاته سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش و له ڕۆژهه‌ڵاتیش بگاته سه‌ر ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌و سامانه سروشتییه‌ی هه‌یه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بگاته ده‌ریا و بیگه‌یه‌نێت به ڕۆژئاوا تا هیچ وڵاتێك نه‌توانێ له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی به خاكی ئه‌ودا ده‌ڕوات، مه‌رجیان له‌سه‌ر دابنێ.
هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ك ڕاوێژكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ڕاپۆرته‌كانیان ئاماژه‌یان پێ كردووه، به‌م هه‌نگاو و خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌بێ:
یه‌كه‌م: به‌هۆی ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه ساڵی 2003 له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا، هه‌لێكی مێژوویی گه‌وره له به‌رده‌م كوردی عێراق دروست بووه، پێویسته ئه‌و هه‌له بقۆزرێته‌وه و سه‌ربه‌خۆیی دروست ببێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌م هه‌نگاوی دابه‌شبوونی عێراق بۆ سێ وڵاتی جیا، چونكه شیعه و سوننه‌ش ده‌بێ جیا بكرێنه‌وه.
ڕاڵف پیته‌رز نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌ر ئێمه دۆخه‌كه بۆ كورد بڕه‌خسێنین، ئه‌وان ڕیفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پێشبینی ده‌كه‌م به ڕێژه‌ی 100٪ ده‌نگ به جیابوونه‌وه له عێراق بده‌ن، ئه‌مه‌ش به به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك به‌هۆی ئه‌و وڵاته‌وه به‌سه‌ریان هاتووه.
دوو: پاڵپشتیكردنی كوردانی توركیا و دروستكردنی په‌ستان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته تا ئه‌وانیش دۆخه‌كه‌یان بۆ بڕه‌خسێ، ده‌كرێ ئه‌م په‌ستانانه له ڕێی ئه‌و هه‌له‌وه بێت كه به‌هۆی شه‌ڕه ناوخۆیییه‌كانی سووریا، بۆ كوردانی ئه‌و به‌شه دروست بووه. ئه‌وان له هه‌ر كوێیه‌كه‌وه ده‌ستی هاوكارییان بۆ درێژ بكرێ قبووڵی ده‌كه‌ن، پێویسته ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هه‌له له ده‌ست نه‌دات. ئه‌م هه‌نگاوه وا ده‌كات به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا كه به سووریاوه لكاوه و كوردنشینه، سه‌ره‌تا كاری له‌سه‌ر بكرێ.
سێیه‌م: دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كوردی عێراق پاشان بۆ كوردی سووریا یان توركیا، به‌پێی پێشهاته‌كان یه‌كێكیان پێش ده‌كه‌وێ، ئه‌وكاته هه‌موو شتێك له‌بار ده‌بێت بۆ كوردانی ئێران و به‌شه‌كه‌ی تر تا ئه‌وانیش داوای مافی سروشتیی خۆیان بكه‌ن، بۆیه هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه له‌لایه‌ن ئه‌و چوار وڵاته‌وه به ته‌واوی دژایه‌تی ده‌كرێ، چونكه پێشكه‌وتنی یه‌كێكیان مانای نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌ویتریانه.
چواره‌م: دروستبوونی ئومێدی یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌یه كه به دامه‌زراندنی كوردستانی مه‌زن ته‌واو ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌یان بۆ داهاتوویه‌كی دوورتره، ئه‌م ده‌وڵه‌ته، دیاربه‌كر و ته‌برێز كه دوو ناوچه‌ی پێوه‌ندیی ئابووریی گرنگن به ژاپۆن و بولگاریا، هاوشێوه‌ی شاره‌كانی ڕۆژئاوا، به هه‌ولێر ده‌یانبه‌ستێته‌وه.
توركیا به ئابووری و ئێران به خاك ڕازی ده‌كرێن
هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ده‌كرێ له ڕێی ئابوورییه‌وه گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێ، بۆیه ئه‌وان له‌گه‌ڵ دروستبوونی یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی كورد، كێشه‌یان نابێ، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی درێژخایه‌ن و هاوبه‌ش له نێوانیاندایه و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌گه‌ر عێراق نه‌كه‌وێته نێوانیانه‌وه، هێشتا زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ، بۆیه توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕێ و یه‌كێكیش ده‌بێ له‌و وڵاتانه‌ی له سه‌ره‌تاوه دانی پێدا ده‌نێ.
به‌پێی داڕشتنه نوێیه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێران به‌م مانایه‌ی ئێسته نامێنێ، چونكه كورده‌كه‌ی و عه‌ره‌ب و بلووجی لێی جیا ده‌بنه‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له ئه‌فغانستانی پێ ده‌درێ، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ناوچه‌كه ببێته كۆمه‌ڵێ وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌وانیش ببنه كۆماری فارس و جێی كۆماری ئێرانی ئێسته بگرێته‌وه. ئه‌فغانستان به‌شێكی زۆری پاكستانی پێ ده‌درێ و ئه‌و به‌شه بلووجستانه‌ی كه له خۆی ده‌گرێ، له‌گه‌ڵ بلووجی ئێران ده‌وڵه‌تێك پێك دێنن، كشمیر له هیندستان و پاكستان جیا ده‌بێته‌وه و سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ، له‌م ناوه‌دا پاكستان زیانلێكه‌وتووی یه‌كه‌م ده‌بێ.
داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك چاره‌سه‌ری پێش چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی ئه‌وروپای لێ دێ، ده‌بێ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بتوانێ خۆی به‌ڕێوه ببات و ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌م شێوه‌یه ته‌نیا عه‌ره‌ب له چه‌ند وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وانیش به ته‌واوی له مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ڕاده‌ماڵدرێن.