بارزانی و وەزیری بەرگریی بەریتانیا كۆ دەبنەوە

:: PM:06:54:18/09/2017 ‌
مایكل فالۆن وەزیری بەرگریی بەریتانیا گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ‌ كرا، هاوكات كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەست پێ كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول، مایكل فالۆن وەزیری بەرگریی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەركردە و گەورە بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە.

ئێستە لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵەدا كۆبوونەوەی نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مایكل فالۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا دەستی پێ كرد.

بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەتی "وشە" لەكۆبوونەوەكەدا پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان تاوتوێ‌ دەكرێت و چەند تەوەرێكی تری پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش گفتوگۆی لەبارەیەوە دەكرێت.

بەریتانیا یەكێكە لە وڵاتە كاریگەرەكانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، نزیكەی 500 ڕاهێنەری لە عێراق بۆ مەشقكردن بە هێزەكانی عێراق بوونی هەیە، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە بەشدارن لە بۆردمانكردنی تیرۆریستان و چەك و كەلوپەلی سەربازیشی بۆ هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە تیرۆریستانی داعش ناردووە و لە هاوكارییەكانی بۆ عێراق بەردەوامە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم