ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیارەكانی عێراقی ڕەت كردەوە

:: PM:12:12:19/09/2017 ‌

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شاری كەركووك، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگای شارەكەی لە پۆستەكەی ڕەت كردەوە و بڕیاری پابەندبوونی بەو بڕیارە بە نایاسایی زانی.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك‌ وەڵامی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پارێزگارەوە دایەوە و بڕیارەكەی بە نایاسایی زانی و ڕەتی كردەوە ئەنجوومەن و پارێزگار پێیەوە پابەند بین.‌

فوئاد حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك‌ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەن بڕیاری دا بە پاپەند نەبوونی بە بڕیاری پەڕلەمانی عێراق لەبارەی دوورخستنەوەی پارێزگاری كەركووك و ئەندامانی ئەنجوومەنیش گفتوگۆی لەبارەوە كرد و بەزۆرینەی دەنگ ڕەتی كردەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی 12ـی ئەیلوول بەبێ‌ بوونی لە بەرنامەی كار و گفتوگۆی پەرلەمانتاران بڕیاری دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری كەركووكی دا، ئەوەش بەهۆی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی شارەكە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد