كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنرا

:: AM:09:05:01/11/2017 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ 15ی ئایار/مایۆی ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند، ئەمەیش لە كاتێكدایە ڕۆژی 30 نیسان/ئەپریلی 2018 ماوەی یاسایی پەرلەمانی عێراق چوار ساڵ تەواو دەبێ و تەمەنی ئەو خولەی پەرلەمان كۆتای دێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق كار دەكا تا ژینگەیەكی ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی شەڕ دابین بكات و ئاوارەكان سەرجەمیان بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانی خۆیان، دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە پێویستە دەنگدان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بێ و ناكرێ ئەو حزبانەی باڵی چەكداریان هەیە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.

دیاریكردنی ڕۆژی 15ی ئایار/مایۆ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، لە كاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دووپاتی لەوە كردووەتەوە، كە لە 12ی ئایار/مایۆ دەتوانی هەڵبژاردن ئەنجام بدات و ئامادەكارییەكان بە وردی جێبەجێ بكات.

ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێگریكردنی بەشداری حزبە چەكدارەكان لە هەڵبژاردن پێشبینی دەكرێ كێشەی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە هەریەك لە عامری و قەیس خەزعەلی و بەرپرسە باڵاكانی تری حەشدی شەعبی چەندان جار دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەوان بە لیستێك بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن.

سەرچاوە/العربیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د