ڕاوكردن یەكێكە لەو دیاردە ترسناكانەی ڕووبەڕووی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەبێتەوە و زۆرێك لە هاووڵاتییان پابەند نابن بەڕێنوێنییەكانی پۆلیسی دارستان و بەهۆی بەردەوامی و هەبوونی مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان رۆژانە سەرپێچكاران دەگرن.
عەقید هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاند، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لە دەرچوونێكی مەیدانیدا توانیویانە سێ هاووڵاتی لەسەر دیاردەی ڕاوكردن و داربڕین بگرن، هاوكات دەست بەسەر باڵندە و چەندان پێداویستی راوكردندا گیراوە.
لە شوێنێكی تریش توانراوە دوو هاووڵاتی لەسەر دیاردەی خەڵووزكردن بگیرێن و دەستیش گیراوە بەسەر هەشت فەردە خەڵووز و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ گیراوەكان كراوەتەوە و ڕووبەڕوی یاسا كــراونەتەوە .
ئەو نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی هەندێك لە هاووڵاتییان بێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و لەپێناو ئارەزوویەكی تایبەتیدا، ڕاوی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان دەكەن و دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە سروشت و ژینگەی كوردستان.