چارەنووسی عەفرین.. لە ناو رێككەوتنە نهێنییەكانی نێوان رووسیا و توركیا و ئەمەریكا

:: PM:02:55:22/02/2018 ‌

جموجۆڵەكانی چەند رۆژی رابردوو بڵاوبوونەوەی دەیان هەواڵی دژ بەیەك لەسەر چارەنووسی عەفرین لەبارەی چوونی سوپای سوریا بۆ ئەو شارە و بەردەوامیی هێرشەكانی توركیا لەلایەكی تر، هەروەها دانوستاندنەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا و ئەڵمانیا، گفتوگۆكانی سووریا و رووسیا لەگەڵ شەڕڤانان لەلایەكی تر، وای كردووە هێشتا بە روونی چارەنووسی ئەو شارۆكە كوردییە كە ماوەی مانگێك دەبێت لە ژێر بۆمباران و هێرشی سوپای توركیایە، ناڕۆشن بێت.
 
رووسیا رێگر بوو
بەگوێرەی هەموو ئەو زانیارییانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەسەر چارەنووسی عەفرین بڵاو كراونەتەوە و لایەنە پێوەندارەكان، پێ دەچێ رووسیا دوا قسە لەسەر عەفرین بكات نەك ئەمەریكا، بۆیە لایەنە پێوەندارەكان هەمیشە ئاماژە بە رێككەوتن لەگەڵ رووسیا دەدەن.

رووسیا كە رێی نەدا بەشار و رژێمەكەی لە سووریا بڕووخێن، ئەمجارە رێی بە توركیا دا هێرش بكاتە سەر عەفرین لە 20ی كانوونی یەكەمی رابردوو. 

رۆژی یەكشەمی رابردوو، بەدران چیا كورد راوێژكار لە ئیدارەدانی كانتۆنی عەفرین رای گەیاند، هێزەكانی سوپای سووریا لەسەر سنووری عەفرین و توركیا بڵاوەیان پێ دەكرێت و لە ماوەی دوو رۆژی دواتر ئەو هێزانە دەگەنە سەر سنوور. 

چیا گوتی "هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنێك دەكەین كە دەستی هاوكاری بۆ كورد درێژ بكات، ئەوەتا دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە هێرشكردنە سەر عەفرین بێدەنگە".
  
دواتر میدیاكانی سەر بە رژێمی ئەسەد دووپاتیان لە هەبوونی رێككەوتن كردەوە، بە دوایدا مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا هەڵوێستی وڵاتەكەی لەسەر رێككەوتنەكە راگەیاند و گوتی، "كێشە لەوەدا نییە سوپای سووریا بچێتە عەفرین بۆ لێدان لە شەڕڤانان، بەڵام ئەگەر بچێت بۆ پارێزگاریكردن لێیان، ئەوە هیچ هێزێك توركیا ناوەستێنێت".
 
دوای چەند سەعاتێك، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە پێوەندی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا كردووە و رێككەوتنەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەردۆغان گوتی "لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین سەرۆكی رووسیا ئەو هەوڵەمان هەرەس پێ هێنا لە بارەی بڵاوەپێكردنی سوپای سووریا لەسەر سنووری عەفرین". زیاتر گوتی "توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی لە سووریا لە چەند رۆژی داهاتوودا گەمارۆ دەخەنە سەر عەفرین".

 بە دوایدا شەڕڤانانیش رایان گەیاند كە هێشتا نەگەیشتوون بە رێككەوتن. نووری مەحموود گوتەبێژی شەڕڤانان بە رۆیتەرزی راگەیاند كە هیچ رێككەوتنێك نییە، ئەوەی هەیە داوایەكی ئێمەیە كە هێزی سوپای سووریا بێتە عەفرین بۆ پاراستنی سنوورەكان.

لای خۆیەوە سلێمان جەعفەر ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین رۆژی سێشەمی رابردوو بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی راگەیاندووە كە رووسیا بەربەستی لە بەردەم رێككەوتنی شەڕڤانان و سوپای سووریا دروست كردووە لەوەی بێنە عەفرین و لەسەر سنوور هێزەكانیان بڵاوە پێ بكەن و ناوچەكە لە ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا بپارێزن.

زیاتر گوتی، "دانوستاندن ماوەی هەفتەیەكە بەردەوامی هەیە، بەڵام رووسەكان بەربەست دەخەنە بەردەمی تا رێككەوتنەكە ئەنجام نەدرێت".

روونی كردەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی بە دەستیان گەیشتووە، رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكردووە بۆ لەناوبردنی هەموو شتێك لە عەفرین.

تەنانەت ئەمەریكاش لەگەڵ رووسیا هاوئاهەنگی هەیە، بۆیە پێ دەچێ هەردوو زلهێزەكەی دنیا دەستی توركیایان واڵا كردبێت بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین.

ئێوارەی سێشەم چی رووی دا؟
ئێوارەی رۆژی سێشەمی رابردوو، بەرەوپێشچوون رووی دا و هێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد بەرەو عەفرین جووڵەیان كرد، ئەمەش هەموو هاوكێشەكانی تێك دا و شرۆڤەی هەموو چاودێرانی سیاسیی پووچەڵ كردەوە.

هێزەكانی سەر بە رژێمی ئەسەد هەمان ئێوارە رایان گەیاند كە لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ وەرگرتنی ئەو ناوچەیەی دەستنیشان كراوە.

دواتر میدیای نێودەوڵەتی لە زاری سەركردەكانی كورد لە عەفرینەوە بڵاویان كردەوە كە دوو یەكەی سەربازی رژێمی ئەسەد گەیشتوونەتە عەفرین و یەكەی سێیەمیش لە رێگەدان و بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا، نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی مەبەست.

سەرچاوەكە رای گەیاند، پرۆسەی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئەسەد لە سووریا لە دوو رۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت. بەگوێرەی راپۆرتەكان، دەیان تانك و زریپۆش و چەكی سووك و مامناوەند و دژە فڕۆكە و سەدان چەكدار گەیشتوونەتە عەفرین.

ئەمجارە نووری مەحموود گوتەبێژی فەرمی یەكینەكانی پاراستنی گەل رای گەیاند كە رژێمی ئەسەد وەڵامی داواكەی ئێمەی داوەتەوە و یەكەی سەربازی رەوانەی عەفرین كردووە بۆ بڵاوەبوونەوەیان لەسەر سنوور.
 
دیسان رێككەوتن لەگەڵ رووسیا 
ئەمجارە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند، لەسەر پرسی عەفرین لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بە تەلەفۆن قسەی كردووە.

روونی كردەوە ئەو هێزەی سەر بە رژێمی ئەسەد بوو، بەرەو عەفرین جووڵەیان كردبوو، شیعەكان بوون، بۆیە بە توندی تۆپبارانمان كردن و باجی ئەوەشیان دا.
 
كورد: بە ناوەندگیری رووسیا لەگەڵ ئەسەد رێككەوتنمان كردووە
دوای لێدوانەكانی ئەردۆغان، ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشتری پارتی یەكێتی دیموكراتی رای گەیاند كە هێزەكانی سووریای دیموكرات (شەڕڤانان) رێككەوتنێكی سەربازییان لەگەڵ رژێمی ئەسەد  كردووە بە ناوەندگیری رووسیا.
 
هەمووان لەگەڵ رووسیا رێككەوتنیان هەیە.. رووسیا لە كوێیە؟
هێزەكانی سەر بە ئەسەد بەرەو عەفرین جووڵەیان كرد و توركیاش تۆپبارانی كردن، دوێنێ چوارشەم سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وانەیەكی قورس دەدەنە هێزەكانی سەر بە سوپای سووریا لە عەفرین ئەگەر یارمەتی شەڕڤانان بدەن.

ئەو لێدوانە نوێیەی توركیا لە كاتێكدایە هەموو لایەنە ناكۆكەكەی ململانێیەكە دەڵێن لەگەڵ رووسیا رێككەوتنیان كردووە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە رووسیا لەگەڵ كام لەو بەرانەدایە؟ یان روونتر بڵێین لەو ململانێیە رووسیا دەیەوێت چ یارییەك لە سووریا ئەنجام بدات؟
 
ئەوەی رووسیا لە دۆسیەی عەفرین لە سووریا دەستی داوەتێ، هاوكاتە لەگەڵ ئەو گورزە كوشندەیەی چەند رۆژێك پێش ئێستە شەڕڤانان لە دێرەزوور بە هاوكاری ئەمەریكا و هاوپەیمانان هێرشێكی توندیان ئەنجام دا و نزیكەی 200 چەكداری سەر بە حكوومەتەی بەشاریان كوشت.

كوردەكانی سووریا هاوپەیمانی ئەمەریكان، ئەمەش وای كرد شوێنپێی خۆیان لە سووریا جێگیر بكەن، بۆیە ئاسایییە ئەمەریكا نەیەوێت ئەو هێزە لەگەڵ رووسیا هاوپەیمانی ببەستێت.

بەڵام هاوپەیمانانی رووس دەچنە ناو عەفرین كە هێشتا دیار نییە چ یارییەك ئەنجام دەدەن، چونكە هێشتا ئەوەی رۆشن نییە ئەوەیە، چ رێككەوتنێك لە نێوان شەڕڤان و ئەو هێزە هەیە؟ یان چ رێككەوتنێك لە نێوان رووسیا و توركیا هەیە، یان چ رێككەوتنێك لە نێوان ئەمەریكا و توركیا كراوە؟ ئایا دەسەڵات لە عەفرین بەدەست كوردەوە دەمێنێتەوە یان دەردەكرێن؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە رۆژانی داهاتوو دەری دەخەن كە رێككەوتنەكان چین لە نێوان هێزە بڕیار بەدەستەكان لە سووریا لەگەڵ یاریزانە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكان.

چارەنووسی عەفرین لە نێوان هەموو ئەو رێككەوتنانەدا، لە كاتێكدایە رووسیا لە ماوەی رابردوو زۆر لە توركیا نزیك بووەتەوە، ئەم نزیكبوونەوەیەش دوای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی رووسیا رووی دا، لە بەرانبەردا هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی حوزەیرانی 2016 لە توركیا پێوەندییەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئەمەریكا بەرەو قۆناغێكی سەخت و دژوار برد، هاوكاریكردنی ئەمەریكا بۆ شەڕڤانان زیاتر پێوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی ناتۆ تێك دا.
 
سەرچاوە/ عەرەبیە


وشە - فه‌رمان سادق