چەند دیمەنێكی سەیری پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

:: PM:07:16:22/02/2018 ‌

هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو دێتە سازكردن، واتە 78 رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی، جیاوازیی ئەو هەڵبژاردنەیش لە گەڵ ئەوانەی پێشوودا لە چەند خاڵێكەوە خۆی دەبینێتەوە گرنگترینیان لێكهەڵوەشانەوەی هەموو هاوپەیمانیەتییەكانی پێشوو و دابەشبوونی پێكهاتەكان، هاوكات لە دوای دیاریكردنی ناوی لیستەكانی هەڵبژاردن تا دێت چەند دیمەنێكی نەرێنی لە چوارچێوەی راكێشانی دەنگدەران بە شێوەیەكی نائاسایی و نایاسایی سەرهەڵدەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم عەبدولكەریم عەبتان، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی، وریایی لە بوونی پرۆسەی كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرد بە مەبەستی ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی كەسانی گەندەڵ دووبارە بۆ پەرلەمان و حكوومەت، بۆیە ئەو داوای كرد كە پێویستە رێگە لەو پارە بگیرێت. 

عەبتان لەو بارەوە گوتی، مەترسیی راستەقینە هەیە لە پرۆسەی كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان لەلایەن چەندان لایەنی سیاسی و دووپاتی كردەوە كە پێشتریش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەوە ئاگەدار كردووەتەوە.

دووپاتی كردەوە، پێویستە هەمووان روو بكەنە بنكەكان و تۆماری دەنگدانیان نوێ بكەنەوە و كارتی نوێی دەنگدان وەربگرنەوە و سووریش بن لەسەر بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوو و ئاماژەیشی كرد كە ساختەكاریی ئەلیكترۆنی لە ساختەكاریی نووسراو زیاتر دەبێت.

لای خۆیەوە حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە رێككەوتننێكی ئەمەریكایی سوننە هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لەوێ و ئەو وریایی لە بوونی پلانێك بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەو ناوچانە دا.

لای خۆیەوە ئەمیر كەنانی، سەركردە لە رەوتی سەدر نهێنییەكی لەبارەی ژمارە یەكی لیستەكانی هەڵبژاردن ئاشكرا كرد و بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" گوتی، لەبارەی كێبەركێی نێوان لیستەكان بۆ بەدەستهێنانی ژمارە یەك لە لیستی هەڵبژاردن شتەكە سەیر نییە لە سایەی بوونی كۆمپانیا و پیاوانی كار و بەڵێندەر و بازرگانان كە ئەوانن زۆرجار ئەو پلەبەندییە دیاری دەكەن و پاڵپشتیی دارایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دەكەن.

كەنانی باسی هەڵەیەكی گەورە دەكات كە زۆرینەی خەڵك تووشی دەبن و وا دەكات كە كێبەركێ بكەوێتە نێوان كانیدیدان بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەكی لیستەكانی هەڵبژاردن، ئەوەیش ئەوەیە كە زۆر جار دەنگدەران دەكەونە هەڵەیەكی نا بەمەبەست و ئەو كاتەی دەنگ بە لیستێكی دیاركاو دەدەن هێما لەسەر ناوی لیست و ژمارە یەك لەو لیستە دەكەن ئەگەر كاندیدێكی دیاریان نەبێت بۆ دەنگدان پێی، بۆیە ئەوەیش كێشەیەكی گەورەیە.

لای خۆیەوە میقداد شەریفی، سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بۆ "شەرقولئەوسەت" گوتی، لە رووی تەكنیكییەوە بابەتەكە وا نییە، چونكە لە كۆتاییدا دەنگەكان سەرەتا بۆ یەكەم لیست و دواتر بۆ باڵاترین كاندیدان دەچێت.

زیاتر گوتی، كاندیدی وا هەیە كە متمانەی بەخۆی نییە و رەنگە بە پارە ژمارە یەكی لیستێك بكڕێت و هەندێك جاریش بۆ پۆزلێدان ئەوە دەكات، بۆ ئەوەی خەڵكەكە وەك خاوەن كاریزما سەیری بكەن.

لای خۆیەوە عزەدین دەولە، پەرلەمانتاری سوننە لەسەر پارێزگای نەینەوا ئاشكرای كرد كە لە هەندێك لیستەكانی هەڵبژاردن ژمارە یەك بە ملیۆنان دۆلاری ئەمەریكایی دەفرۆشرێت لەپێناو سەركەوتن و لەبەر چەندان هۆكار.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، هۆكاری هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ژمارە یەك لە لیستەكانی هەڵبژاردن ئەوەیە كە ئەو بە بەختەی دەبێتە خاوەنی ئەو ژمارەیە دەبێتە خاوەنی هەموو دەنگەكانی ئەو لیستە، بۆیە هەمووان بەدوای ژمارە یەك رادەكەن و هەندێك جاریش ملیۆنان دۆلاری ئەمەریكایی دەكات. بەڵام ئەو دەپرسێت كە ئاخۆ ئەوانە ئەو پارەیە چۆن بەدەست دێنن؟.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "مەدا" لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، لە شتە سەیرەكانی هەڵبژاردن ئەوەیە كە بەشێك لە كاندیدان پارێزگای خۆیان دەگۆڕن و هەندێكی تریان ناوی كۆڕ و كچانی خۆیان دەخەنە ناو پڕۆسەكە لە هەمان لیست یان لە لیستی تر. یان كەسانێك كە پێشتر تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتە پاڵ، ئێستە كاندیدن وەك پارێزگاری پێشووی نەجەف.

دوێنێ پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە رێككەوتن و دەستەوارەیەك هەیە لە نێوان ژمارەیەك وەزیر و پارێزگار بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی دەستەوارەیەكی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی وڵات.

عەلی بدێری، سەرۆكی بارستەی حزبی دەعوە رێكخستنەكانی ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی، زۆرێك لە وەزیران و پارێزگاران هەڵدەستن بە دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییان و فەرمانبەران و ئەو كارەیش بە رێككەوتن لە نێوانیاندا دەكرێت وەك بانگەشەیەكی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگی ئەوان.

بدێری روونی كردەوە، ئەو بەرپرسانە رێككەوتبوون لەسەر دابەش نەكردنی ئەو زەوییانە پێشتر و بۆ نزیك هەڵبژاردنەكان دوایان خست، بۆیە ئەو كارە گەندەڵییە و سوودوەرگرتن و بەهەدەردانی سامانی گشتیی وڵاتە.

ئاماژەی كرد، دەستەی نەزاهە و لایەنە چاودێریكارەكان ناتوانن هیچ لەو بارەوە بكەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام بدەن، چونكە ساڵانێكە هەموویان لەسەری رێككەوتوون و جیا لەوەیش بەشێك لەو زەویانەی بەسەر خەڵكەكە دێتە دابەشكردن وەهمین و بوونیان نییە.

پێشبینی دەكرێت كە حەوت هەزار كاندید، واتە كەمتر لە ژمارەی كاندیدانی هەڵبژاردنی پێشوو بە دوو هەزار كاندید، لە چوارچێوەی 88 پارت و هاوپەیمانی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن بۆ پڕكردنەوەی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوە: ئیخبارییە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل