پەیامی حزبی دەعوە لە رێگەی عەبادی و مالیكی بۆ عێراقییەكان چییە؟

:: PM:09:27:22/02/2018 ‌

لێدوانەكانی عەلی عەلاق، سەركردە لە حزبی دەعوە كتوپڕ نەبوو كە تیایدا دووپاتی لە بوونی بەڵگەنامەیەكی نووسراو لە نێوان مالیكی و عەبادی كردەوە بۆ هاوپەیمانیەتیكردن بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی بەمەبەستی پێكهێنانی بارستەیەكی گەورەی حزبی دەعوە كە ببێتە زەوینەیەك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، چونكە ئەندامانی ئەو حزبە نەریتی سیاسیی تایبەتی خۆیان هەیە و پێویست ناكات كتوپڕ بێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی خاوەن شارەزایی نین لە رەوتی حزبەكەی و مێژووەكەی. 

یەكێك لە گرنگترین رێورەسمی ئەندامانی حزبی دەعوە لە كاروانی دوور و درێژی سیاسیاندا ئەوەیە كە ئەوان كودەتا ناكەن بە شێوازی یەكتر لێخستن یان پاكتاوكردنی جەستەیی یان بە وەدەرنانی لە هاوكێشەی حزبی بە زەبری هێز، هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو ترازان و جیابوونەوەی لە رابردوو لەو حزبە روویان داوە، بەڵام هەر لایەن و كەسایەتییەكی هەر وەك نوێنەری ئەو حزبە ماونەتەوە و پێگەیان لە ناوی ماوە و بۆ بەرژەوەندی ئەوەوە كار دەكەن.

ئەو رەوتەیش بەدەرە لە سایكۆلۆژیەتی سیاسیی عەرەبی كاتێك پارتە نەتەوەیی و ماركسی و ئیسلامی و شۆڕشگێڕی پاكتاوی جەستەیی و كودەتای وایان بەخۆیانەوە بینی كە خوێنڕشتن و دەركردن و دوورخستنەوەیان بەخۆیانەوە بینین، لەو كاتەی حزبی دەعوە لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بووە.

دووەم رێوڕەسمی تایبەتی حزبی دەعوە ئەوەیە كە لە هیچ حزبێكی تری عەرەبی و ئیسلامیدا بوونی نییە، ئەوەیش بوونی بۆچوون و خوێندنەوەی جیاوازە تا رادەی بایكۆتكردن و خۆگرتن وەك لە حزبی دەعوەدا هەیە، لەو كاتەی لە پارتەكانی تر بوونی بۆچوونی جیاواز بەسە بۆ وەدەرنان لەو پارتە.

بۆیە بەهۆی ئەو رێورەسمەی تایبەت بە حزبی دەعوە لە واز نەهێنان لە یەكتر لە كاتی بەرهەڵستكاربوون، ئەو حزبە توتانای یەكگرتنەوە و لێكگەیشتنی هەیە، بەو پێیەی ئەندامانی ئەو حزبە دیدێكی تایبەتیان بۆ پارتەكە و بەرژەوەندی و رۆڵی لە پرۆسەی سیاسی و حكوومەتی عێراقدا هەبێت.

سەرچاوە تایبەتەكان دووپاتی دەكەنەوە كە لەو كاتەی راگەیەندرا كە حزبەكە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان ناكات و پاڵپشتیی لە هەردوو لیستی مالیكی و عەبادی بۆ هەڵبژاردن دەكات و ئەندامانیشی سەرپشك كردووە بۆ چوونە ناو هەر لیستێكیان، بەشێك لە سەرانی ئەو حزبە پرسیاریان لە هەردوولا كرد كە ئاخۆ دەتوانن بۆ دوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانیەتی پێك بێنن، وەڵامی ئەوان بەڵێ بوو، بۆیە واژوو و بەڵگەنامەیەكی دەستنووس بە دەستی سەركردەیەكی باڵای حزبی دەعوە لەو بارەوە هەیە. 

سەرانی دەعوە داوایان كرد كە دەبێت ئەوە نووسن و واژووی بكەن بۆ ئەوەی كاریگەرتر بێت، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو واژووەیش دۆخی سیاسی و ئەزموونی پێشوو پێشانی دەدەن كە رەنگە تەنیا مرەكەبی سەر كاغەز بێت و ئەو نووسراوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە بەستراوەتەوە.

هاوپەیمانیكردنی نێوان عەبادی و مالیكی دوو لێكدانەوەی هەیە، یەكەمیان ئەوان پێكی بێنن بۆ پێكهێنانی لایەنێكی سەرەكیی و بەهێز كە زیاتر لە 75 كورسی پەرلەمانی هەبێت و داوا لە لایەنەكانی تر بكەن كە دەیانەوێت هاوكاریان بن بۆ هاوپەیمانیەتیكردن، دووەمیش هاوپەیمانیەتییەكە تەنیا بە رووكەش بێت بە مەبەستی مسۆگەریی یەكپارچەیی مانەوەی حزبی دەعوە، لەو كاتەی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنی تر دەكرێت، جا بۆ هەر یەكەیان حیساباتی تایبەت هەیە كە ناتوانرێت تا دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشبینیان بۆ بكرێت. 

بۆچی حزبی دەعوە هەواڵی ئەو نووسراوە نهێنییەی ئاشكرا كرد:

1-لێدوانەكە لە دوای هەوڵێكی ناوخۆیی و دەرەكییەوە هات لەپێناو دۆزینەوەی تەوافوقێك كە ببێتە بنەمای دامەزراندنی حكوومەتی داهاتوو و پەیامێكیش لە حزبی دەعوەوە بەوەی ئەوان ئامادەن و بۆی هەیە كە زەوینەی ئەوان یەك بگرێتەوە بۆ پێكهێنانی رووبەرێكی فرەوان كە ناتوانرێت فەرامۆش بكرێت.

2-لێدوانەكەی عەلاق دوای راگەیاندنی هەندێك لایەنی شیعە هات بە نیازیان بۆ كاندیدكردنی سەرانیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە ئەو لێدوانە بۆ ئەوانی دووپات كردەوە كە پۆستەكە بۆ حزبی دەعوە گیراوە و ئەوان بۆیان نییە چاوی تێ ببڕن.

3-لێدوانەكە پەیامێكیشە بۆ هەندێك بارستەی تر كە لێكنزیكبوونەتەوە بەوەی ئەو لێكنزیكبوونەوەیان كۆتایی نییە و ئەگەری هەیە رووبەڕووی هاوپەیمانیەتێكی بەهێزتر و فرەوانتر ببێتەوە.

4-لێدوانەكە پەیامێكی سیاسییە بۆ وڵاتانی دەرەوە و پارت و بارستەكانی عێراق بەوەی حزبی دەعوە لێكهەڵوەشاوە نییە و ئامادەیە بۆ یەكگرتنەوە و پێویستە هەمووان ئەوە لە مێشكیان بگرن و خەیاڵ لەسەر بنەمای ترازان و هەڵوەشانەوەی بنیات نەنێن و لە دەرەوەی بازنەی ئەو حزبە بەدوای چارەسەریدا نەگەڕێن و كەسانی زیرەكیش ئەوانەن كە ئەو راستییە تێ دەگەن و لەگەڵیدا هەڵ دەكەن بۆ ئەوەی لە دوای پێكهێنانی حكوومەت خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا نەبیننەوە.

5-لێدوانەكە رەهەندێكی مەعنەوی و دەروونی هەیە بۆ كادیرانی حزبەكە خۆی و بۆ رای گشتی شەقامیش بەوەی حزبی دەعوە لە سەرووی دەسەڵات دەمێنێتەوە و كورسی سەرۆك وەزیران هەر بە دەستی ئەوەوە دەبێت.

سەرچاوە: مەدار




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل