هەولێر داوای كردنەوەی فڕۆكەخانەكان لە عەبادی دەكات

:: PM:03:16:24/02/2018 ‌

بە نووسراوێكی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سبەی داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت فڕۆكەخانەی هەولێر بكرێتەوە لەگەڵ ڕێی هەولێر- كەركووك بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، ئازاد ئەكرەم سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە نووسراوێكی فەرمی كە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن ئامادە كراوە، ئاراستەی حەیدەری عەبادی دەكرێت و داوای كردنەوەی فڕۆكەخانەی هەولێر و ڕێی هەولێر-كەركووك دەكرێت.

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە ناوەڕۆكی نووسراوەكە هاتووە كە بەپێویستی دەزانین بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق شەقامی سەرەكیی هەولێر- كەركووك بكاتەوە لەگەڵ فڕۆكەخانەی هەولێر.

ئازاد زیاتر گوتی، بۆ ئەم نووسراوە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن ناكرێت، بەڵكو لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەو نووسراوە ئامادە كراوە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق.

هەفتەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا بە كردنەوەی ڕێی هەولێر- كەركووك بۆ كارئاسانی هاووڵاتییان، وەزارەتی پێشمەرگەش لاری نەبوونی خۆی لە كردنەوەی ئەم ڕێیە گشتییە دەربڕی كە ڕێیەكی گرنگی هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە.



وشە - رامیار جەواد