فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان بڕیاریان دا

:: PM:05:51:14/03/2018 ‌
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق كۆببێـتەوە و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بڕیاریانداوە كە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بكەن.

بڕیارە سبەی پێنجشەم 15ی ئادار/ مارس، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق كۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك بكات. ئەمین بەكر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هیچ بڕیارێكیان نییە بۆ ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەكەن.

ڕوونیشی كردەوە  كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان تەنیا لەكاتی گفتوگۆكانی پەرلەمان لەسەر بودجەی ساڵی 2018 بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنیان كردبوو، ئێستە بەشداری كۆبوونەوەكان دەكەنەوە.

بەشداری كردنەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتێكدایە كە ئێستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوچارەسەربوون دەچن و ئەمڕۆش گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە.

ڕۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە بودجەی ساڵی 2018ی عێراقی پەسەند كرد و داواكارییەكانی كوردیش جێگیر نەكران، بۆیەوە كاردانەوەی ناڕەزای كوردستانی لێ‌ كەوتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم