حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆى ساختهكارییهكانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له 12ى ئایار، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان زیاتر له یه‌كتر دوور كه‌وتنه‌وه و دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه كه به‌م شێوه‌ى هه‌یه ناتوانن به یه‌ك په‌یام و یه‌ك تیم فراكسیۆنێكى كوردى دروست بكه‌ن و بچنه‌وه بۆ به‌غدا.
رۆژى 12ى ئایار/ مایۆ، هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه چوو، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى سلێمانى راسته‌وخۆ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنیان ڕه‌ت كرده‌وه و ده‌ڵێن، یه‌كێتى ساخته‌كارییه‌كى ڕێكخراوى كردووه. په‌رته‌وازه‌بوونى حزبه‌كان له كاتێكدایه كه له ڕۆژى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردندا هه‌مووان باسیان له یه‌ك گوتارى كۆده‌نگى كورد له به‌غدا ده‌كرد بۆ داهاتوو.
ئێسته شه‌قامى كوردى دابه‌ش بووه به‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكدا و ته‌واوى حزبه‌ى سیاسییه‌كان ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى سلێمانى ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان پشتیوانیان ده‌كات، به‌ڵام یه‌كێتى به تۆمه‌تبار داده‌نرێت.
زانا رۆستایى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، پێى وایه كه یه‌كێتى بووه‌ته هۆى تێكدانى یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و به‌هۆى ساختهكاریهكانییهوه واى كردووه كورد یه‌ك په‌یام و به‌رنامه‌ى نه‌بێت.
رۆستایى بۆ "وشه" ئاماژه‌ى به‌وه كرد، یه‌كێتى له به‌رژه‌وه‌ندى خۆى ئه‌نجامى ده‌نگدانى ده‌ستكارى كرد و ئه‌وه‌یش واى كرد حزبه سیاسییه‌كان دووركه‌وتنه‌وه‌ى زیاتر له نێوانیاندا ڕوو بدات و متمانه له نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا نه‌ماوه كه ئه‌و متمانه‌یه ته‌نیا به بڕیارى كۆمسیۆن ده‌كرێت به هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست و بڕوا دروستكردنه‌وه بۆ حزبه‌كان.
به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى دووپاتی ده‌كاته‌وه كه كاركردن و پێكه‌وه‌یى نێوان لایه‌نه سیاسییه كوردیه‌كان له به‌غدا، چووه‌ته قۆناغێكى ئه‌سته‌م و پێشبینى گۆڕانكارى خراپتر ده‌كرێت.
حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێیان وایه، له ماوه‌ى چه‌ند مانگى ڕابردوو یه‌كێتى دووجار بووه‌ته هۆى تێكدانى یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، سه‌ره‌تا به‌هۆى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌مجاره‌یش به‌هۆى ئه‌و ساخته‌كارییه‌ى له هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار ئه‌نجامی دا، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژه لاى به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان به "ڕۆژێكى ڕه‌ش" ناو ده‌برێت. وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى ئاماژه‌ى بۆ كردووه و ده‌ڵێت، 12ى ئایار ڕۆژێكى ڕه‌شه وه‌ك هه‌ر ڕۆژێكى تر‌ى ڕه‌ش له مێژووى وه‌رچه‌رخانى گه‌لى كوردستان.
هه‌ندرێن شێخ راغب ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ڕووی دا له 12ى ئایار یه‌كڕیزیى ناوماڵى كوردى تێك دا و جارێكى تر چاوه‌ڕوانى یه‌كڕیزى ناكرێت، به‌ڵكو چاوه‌ڕوانى كاردانه‌وه‌ى گه‌وره‌تر به‌رانبه‌ر به‌و كاره‌ى یه‌كێتى ده‌كرێت".
به‌گوته‌ی راغب بۆ "وشه"، ڕه‌نگه ئه‌و كاره بایكۆتى سه‌رانسه‌رى حزبه‌كانى له پرۆسه‌ى سیاسیی عێراق لێ بكه‌وێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن هاوسه‌نگییه‌كه ڕاست نه‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌یه كاردانه‌وه‌ى توند له چه‌ند ڕۆژى داهاتوو ڕوو بدات.
"ئه‌گه‌ر ده‌نگه دزراوه‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه، چاوه‌ڕوان ناكرێت كورد له چوارچێوه‌ى یه‌ك هاوپه‌یمانى و فراكسیۆنێكى كوردیدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا". به‌رپرسه‌كه‌ى زه‌حمه‌تكێشان كه ئێسته له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح هاوپه‌یمانن، واى گوت.
لای خۆیه‌وه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێ، ئیتر ناچنه هاوپه‌یمانێتییه‌ك كه ساختهكارانى تێدا بێت و دووپاتیش له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌یى ناوماڵى كورد ده‌كه‌نه‌وه به‌هۆى ساخته‌كارى یه‌كێتى له 12ى ئایار.
چالاكى موهه‌ندیس ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه، تا سیسته‌م له كوردستان به‌و شێوه‌یه بێت، یه‌كڕیزیى راسته‌قینه‌ى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم دروست نابێت و ده‌سه‌ڵات له سلێمانى دزى زۆرى له گۆڕان كردووه و تا ئه‌و ناعه‌داله‌تییه هه‌بێت، یه‌كڕیزى دروست نابێت.
موهه‌ندیس جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هاوپه‌یمان نابن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى تا هه‌نگاوى ڕاسته‌قینه به‌ره‌و یه‌كڕیزیى ناوماڵى كورد نه‌نرێت. ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، "یه‌كێتى له داڕمان و نه‌ماندا بوو، بۆیه په‌ناى بۆ ئه‌و ساخته‌كارییه ڕێكخراوه برد".
له به‌رانبه‌ردا پارتى دیمو‌كراتى كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و كاره‌ى یه‌كێتى له 12ى ئایار كردى ناوماڵى كوردى وێرانتر كرد و ره‌خنه‌یش له‌و حزبانه ده‌گرێت كه به‌رانبه‌ر 16ى ئۆكتۆبه‌ر بێده‌نگ بوون.
عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، بۆ "وشه" گوتى، پێش هه‌ڵبژاردن داوامان كرد هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى عێراق بایكۆت بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كرا، له كاتێكدا ئه‌وكات ده‌مانتوانى پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر ئه‌و عێراقه خراپه دروست بكه‌ین كه ئێمه تێیداین.
سه‌ركرده‌كه‌ى پارتى ده‌ڵێت، پێش هه‌ڵبژاردن ناوماڵى كورد زۆر ڕێك نه‌بوو، به‌ڵام به‌و كاره‌ى یه‌كێتى له 12ى ئایار كردى ناوماڵى كوردى وێرانتر كرد، ئه‌وه‌ى تا ئێسته‌یش ماوه‌ته‌وه چاوه‌ڕوانى بڕیارى كۆمسیۆن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌كه ده‌كرێت.
وه‌ك عه‌ونى باسى ده‌كات، پارتى ڕه‌خنه‌ى له شه‌ش حزبه‌كه جگه له یه‌كێتى هه‌یه به‌وه‌ى "كه خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دا ئه‌وان بێده‌نگییان نواند و نه‌هاتنه پاڵ پارتى دژى فرۆشتنى نیوه‌ى خاكى كوردستان و ئه‌وه‌ى ئێسته‌یش رووی داوه هه‌ڵه‌یه‌كه له ئه‌ستۆى خۆیاندایه".
هاوكات ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى داوا ده‌كات به‌هه‌ر جۆرێك بێت لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر یه‌كڕیزى و خاڵى هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى به یه‌كده‌نگى بچنه‌وه به‌غدا و نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه بنێرن بۆ به‌غدا بۆ داكۆكى له مافى كورد.
به‌ڵام مامۆستایه‌كى زانكۆ ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، كورد به هه‌ر هێزێكه‌وه بچێته‌وه بۆ به‌غدا، به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ب هه‌ر كورده و ئه‌وان كورد ده‌خوێننه‌وه، بۆیه پێویسته یه‌ك فراكسیۆنى كوردى دروست بكرێت.
عه‌بدولسه‌لام به‌روارى مامۆستاى زانكۆ، بۆ "وشه" گوتى، پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌رپرسیارێتى خۆیان و واز له‌و كولتووری ده‌مارگیرییه بێنن و فراكسیۆنێكى به‌هێزى كوردى دروست بكه‌ن. به‌گوته‌ی به‌رواری "شه‌ڕى سه‌ره‌كى لایه‌نه سیاسییه‌كان له كوردستان بۆ ململانێیه له‌سه‌ر حوكمڕانى كوردستان، ئه‌گه‌رنا كۆى كێشه‌كه له‌سه‌ر ره‌وشى به‌غدا نییه".
له كاتى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو "وشه" به هه‌مانشێوه بۆچوونى لایه‌نه سیاسییه‌كانى بڵاو كرده‌وه و ئه‌وكاتیش حزبه سیاسییه‌كان ڕایانگه‌یاند، به‌هۆى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر یه‌كڕیزیى ناوماڵى كورد پارچه پارچه بوو، ئێسته‌یش یه‌كێتى لایه‌نه سیاسییه‌كانى تووشى هه‌مان دۆخ كرده‌وه.