هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.. دوایین ئامرازی ئەمەریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئێران

:: PM:08:21:20/05/2018 ‌

لە لێكەوتێكی بڕیاری پاشەكشەی ئەمەریكا لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە ئەمەریكا هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك لەدژی ئێران و چالاكییەكانی دەدات كە كار بۆ شێواندنی سەقامگیریی ناوچەكە دەكەن. 

بڕیارە رۆژی دووشەم مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە وتارێكی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەوەتەی دەستبەكاربوونی لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو بەوردی باس بكات، كاتێك ئەو بەتایبەتی لەبارەی ئێران و چۆنیەتی پێشوەچوون بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك لەدژی ئێران قسە دەكات. 

هیزەر ناوەرت، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئەمەریكا بەرژدی كار بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەكە دەكات و دەوڵەتێكی زۆر لە دنیا كۆ دەكەینەوە بۆ مەبەستێكی دیاریكراو ئەویش چاودێریكردنی رژێمی ئێرانە لە دیدێكی واقیعیانەتر نەوەك تەنیا لەدیدی رێككەوتننی ئەتۆمییەوە، بەڵكو لە رێگەی چاودێریكردنی هەموو چالاكییە گوماناوییەكانی كە هەڕەشە لە هەموو دنیا دەكەن. 

زیاتر گوتی، ئەو هاوپەیمانیەتییە دوژمنایەتی ئێران ناكات، چونكە بە روونی جیاوازی دەكەین لە نێوان گەلی ئێران و رژێمی ئەو وڵاتە كە كارەكە پێوەندارە بە رژێمی ئێران و كارە خراپەكانی، ناوەرت نمونەیەكی هێنایەوە و گوتی، واتە وەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق كە لە 2014 هاتە دامەزراندن و ئێستە 75 دەوڵەت لەخۆ دەگرێت. بەڵام ئاماژەی نەكرد كە ئاخۆ هاوپەیمانیەتییەكە باڵی سەربازی دەبێت یان نا.

ئاماژەی كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو پێشوازی لە 200 باڵوێزی بیانی كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ئەمەریكایان بە پاشەكشەكردن لە رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران بۆ روون بكاتەوە و گفتوگۆش لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوو بكات.

لەبارەی بەشداریكردنی وڵاتانی ئەوروپا لەو هاوپەیمانیەتییەكە كە ئەوان نائومێدن لە بەرانبەر بڕیارەكەی واشنتن ناوێرت گوتی، پێویستە هاوبەشانی ئەمەریكا لە مەترسییەكانی ئەمەریكا تێبگەن و چاویان لە هەڵوێستەكانی ئێران نەنووقێنن.

دوای بڕیارەكەی ترەمپ بە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە رێككەوتننەكە.

ئەمجەد تەها، سەرۆكی هەرێمایەتی سەنتەری بەرتانیایی بۆ توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بارەوە دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئەمەریكا بە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ لەدژی ئێران بۆ ماوەی داهاتوو بە هاوشێوەی هاوپەیمانیەتی دژ بە داعش، ئێستا كاری لەسەر دەكرێت. و تا ئێستەش 23 دەوڵەت ئامادەیی خۆیان بۆ هاتنە ناوی پێشان داوە و تاوتوێی بوونی سەربازییانەی هاوپەیمانیەتییەكە دەكرێت.

لەبارەی پلانەكەی ئەمەریكا لەو بارەوە د.محەمەد سوڵتان، ئەكادیمی میسری و شارەزا لە كاروباری ئێران دەڵێت، راگەیاندنی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەوەی ترەمپ چاوی بە سەرانی بەریتانیا و فڕەنسا و وڵاتانی تر دەكەوێت بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی ئێران و كاركردن بۆ پێكهێنانی بەرەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی، واتا ئەو هەموو پاڵەپەستۆیەك بۆ سەر ئەو وڵاتانە بەكار دێنێت.

ئەو توێژەرە زیاتر گوتی، راگەیاندنی ئێران بۆ بەردەوامبوونی لە پابەندی بە رێككەوتننەكە، وڵاتانی تری ناو رێككەوتننەكە دەخاتە دۆخێكی شلۆقەوە، ترەمپ باش ئەوە دەزانێت و هەوڵ دەدات لە رێگەی راكێشانیان بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكە خۆی لەو دۆخە لابدات كە لەناو هاوپەیمانیەتییەكە سەركردایەتی بۆ زیاتر لە لایەنێك بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دوودڵ نەبن لە پاشەكشەكردن لە رێككەوتننەكە.

ئەو ئەكادیمییە میسرییە ئاماژەی كرد كە راپۆرتەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دووپات لە پابەندی ئێران بە رێككەوتننەكە دەكەنەوە لە بەرانبەر ئەو وڵاتانەی كە ئەمەریكا هەوڵی راكێشانیان دەدات بۆ رێگرتنیان لە پاشەكشەكردن لە رێككەوتننەكە یان سەپاندنی مەرجی نوێ، بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئەمەریكا و ئێران ململانێیانە بۆ راكێشانی وڵاتان بەلای خۆیانەوە. 

زیاتر گوتی، روحانی سەرۆكی ئێران پێشتر دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی لە پابەندبوون بە رێككەوتننی ئەتمی بەردەوام دەبێت ئەگەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی كاریگەریان لەسەر نەبێت، بۆیە كۆبوونەوەكانی ترەمپ و سەرانی وڵاتانی واژووكار بۆ رێككەوتننی ئەتۆمی ئاسایی نابێت و پێشبینی دەكرێت كە ترەمپ ناچار بێت بۆ دەستبەرداربوون بۆ ئەوان بۆ رازیكردنیان لەسەر چوونە ناو هاوپەیمانیەتی لەدژی ئێران.

جەختی كردەوە، ماوەی داهاتوو ناچاركردنی ئێران بۆ رەتكردنەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی بەخۆیەوە دەبینێت، بۆ ئەوەی دوای ئەوە شایستەی سزای گەورەی ئەمەریكایی و نێودەوڵەتی بێت و زیاتریش ئەگەر هەیە كە ئەمەریكا بیەوێت سزاكان لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت بۆ مسۆگەری سەركەوتنی، كە بەشداریكردنی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو لە پێشەوەیان سعوودیە دووپاتكراوەیە.

ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد، رەنگە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانیان بن لەگەڵ ئێران ئەگەر ترەمپ و وڵاتانی كەنداو قەرەبووی زیانەكانی ئابووری و بازرگانیان بكەنەوە بەهۆی دەستبەرداربوون لە ئێران.

سەرچاوە/ كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل