لە هەرێمی كوردستان مەترسییەكی ژینگەیی ڕادەگەیەنرێت

:: PM:04:35:21/05/2018 ‌
ساڵانە لە سەرانسەری دنیا لە ڕۆژی جیهانی پاراستنی ژینگە چەندان چالاكی بەڕێوە دەچن و بۆ ئەمساڵ ڕووبەڕووبوونەوەی مادە پلاستیكییەكان دروشمی ژینگەپارێزانی جیهانی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئایار، ئاسۆ شكاك سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگەیی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ژینگە هەیە، بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە كە لە دنیا هەیە و لە هەرێمی كوردستانیشدا بوونی هەیە.

سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری ژینگەیی دەڵێت، مەترسییەكان زۆرن وەك زۆربوونی مادە پلاستیكییەكان و مەترسی سووتانی دارستانەكان و گەرمبوونی زەوی. ئەوانەش وایان كردووە ڕێكخراوە جیهانییەكان هۆشداری بدەن لەسەر ژینگە.

شكاك ئاشكرای كرد لە ڕۆژی جیهانی ژینگە بۆ ئەمساڵ دژی پلاستیك دەبێت كە ئەو بەرهەمە زۆر بووە و لە ژینگەدا مەترسی دروست كردووە، بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان هاوكارمان بن بۆ پاراستنی ژینگە و دروستكردنی ژینگەیەكی پاك و تەندروست.

پیسبوونی ژینگە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، گەرمبوونی گۆی زەوی وایكردووە وڵاتانی زلهێز چەندان جار كۆبوونەوەی بەرفراوان بكەن، ئەوەشە بۆ ڕێگریكردن لە زیانەكانی كە بەشێكی زۆری گیانەوەرانی ناو زەریاكانی لەناو بردووە.




وشە - رامیار جەواد