كۆمسیۆن بەكارهێنانی سندووقی ئەلیكترۆنی بۆ هەڵبژاردنی كوردستان تاوتوێ دەكات

:: PM:01:51:22/05/2018 ‌
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان، كۆ دەبێتەوە و تاوتوێی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئایار/ مایۆ، سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەدایە و تاوتوێی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان دەكات.

سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە كە ئەنجوومەنی كۆمسیاران یەكلای دەكاتەوە كە هەڵبژاردنی داهاتوو بە سندووقی ئەلیكترۆنی دەبێت یان وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو ئاسایی دەبێت.

پێشتر شێروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو، بەرنامەی داهاتووی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە تاوتوێ‌ دەكرێت و پەسەند دەكرێت.

هاوكات شەش حزبی ناڕەزای لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە یاداشتێكدا داوایان لە كۆمسیۆن كردبوو كە هەڵبژاردنی داهاتوو بە سندووقی ئەلیكترۆنی نەبێت و هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم