هەسەدە و میلیشیاكانی حەشد هاوپەیمانیەتی دژ بە داعش رادەگەیەنن

:: PM:02:34:22/05/2018 ‌


بۆ لێدانی داعش لەسەر سنووری سووریا و عێراق، هێزەكانی سووریای دیموكرات و میلیشیاكانی حەشد بە ئاگاداری ئەمەریكا، هاوئاهەنگی یەكتر دەكەن. ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات گەردەلوولی جەزیرەیان دژ بە داعش راگەیاندووە.

لە سەرەتای مانگی ئایار هێزەكانی سووریای دیموكرات كە گەریلا هێزی سەرەكییە تێیدا، بە پاڵپشتی هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، هێرشێكی زەوینی بە پشتگیری هێرشی ئاسمانی دژ بە چەندان ناوچەی ستراتیجی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سەر سنووری سووریا- عێراق ئەنجام داوە.

ئەو هێرشەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كە ناوی گەردەلوولی جەزیرەی لێ نراوە، پێ دەچێ دوا شەڕ بێت دژی داعش، بۆیە سەركردەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات پێیان وایە یەكلاكەرەوە و قورس دەبێت، بەتایبەت ئەوەی لەم شەڕەدا جێی سەرنجە ئەو پێشوەچوونە گەورەیەیە لە ستراتیجی ناوچەكە رووی داوە، ئەویش دەركەوتنی هاوپەیمانیەتی نێوان كوردی سووریا و شیعەی عێراق كە پێ دەچێ گەورەترین رووداو بێت لە ناوچەكەدا، بە پێی قسەی محەمەد عەتار چاودێری سیاسی و سەربازی سووری بێت ئەمەریكا پشتگیری لە حەشدی شیعی عێراقی كردووە، هەروەك پشتگیری لە هێزەكانی سووریای دیموكراتیش كردووە، بۆیە كاتێك پێویستی بەوە بووە حەشدی شەعبی دەستوەردان بكات لەناو خاكی سووریا بەمەرجی هاوكاریكردنی ئەمەریكا دژ بە داعش ئەوا رێی پێ داوە.

هەر لەو شەڕەی دژ بە داعش، هێزەكانی پیادەی ئەمەریكی سەركەوتوو بوون لە چوونە ناوەوەی شارەدێی "باغوز" كە ناوچەیەكی ستراتیجی بوو بەدەستی داعشەوە لە گوندەكانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور. ئازادكردنی ئەو شارەدێیە دوای چەند رۆژ لە گەمارۆدانی دێت لەلایەن ئەمەریكییەكان، هاوكات سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن كە تۆپهاوێژەكانی فڕەنسا و هێزی ئاسمانی عێراقی هاوشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەموویان بەشدارییان كردووە لە كۆنتڕۆڵكردنی شارەدێیەكە.

ناوەندی "جسور" بۆ توێژینەوە لە توێژینەوەیەكدا چوار خاڵی زیندوو ئامانجدار دەستنیشان دەكات لەبارەی ئەو شەڕەی بەمدواییەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی كۆنگرەكە دژ بە دەوڵەتی خەلافەت دەستیان پێ كردووە كە شەڕەكە لە ناوچەی بادیەی سووری جووڵەی پێ كراوە بەرەو رۆژهەڵاتی وڵات و گرنگترین خاڵەكانیش ئەمانەن: هێرش و كوتانێك لە داعش بدرێت، نەتوانێ ریزەكانی خۆی رێك بخاتەوە بەتایبەتی لەرووی سەربازییەوە، بەتایبەت ئێستە داعش لە جووڵەدایە لە ناوچەی بادیەی سووریا بۆ خۆ رێخكستنەوە و بنیادنانەوەی هێزی چەكدار. جگە لەمە دیوێكی تری ئۆپراسیۆنەكە پاككردنەوەی ناوچەی هەژموونی هاوپەیمای نێودەوڵەتی دژ داعشە بۆ هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراو لەلایەن داعشەوە بكرێت یان گرووپی تری چەكدار، ئامانجێكی تر ئۆپراسیۆنەكە پاككردنەوەی سنووری نێوان عێراق و سووریایە لە هەر جووڵەیەكی داعش، بۆیە لەم خاڵەوە سوپای عێراق هاوشانی هێزەكانی سووریای دیموكرات بەشداری لە شەڕەكە كردووە.

بەپێی توێژینەوەكەی ناوەندی جسور بێت ئامانجی چوارەمی ئۆپراسیۆنەكە پاككردنەوەی ناوچەیەكە بۆ بڵاوە پێكردنی سوپای فڕەنسی كە بەمدواییە لە سووریا خەریكی بڵاوە پێكردنیەتی، ئاماژەكان ئاشكرای دەكەن كە فڕەنسا دەیەوێت دڵنیا بێت لە دەستكەوتی لە شەڕەكە تا بیقۆزێتەوە وەك دەستكەوت لێی بڕوانێت لەسەر ئاستی ناوخۆ.

چەند سەرچاوەیەكی ناوخۆ قسەیان بۆ ئەنادۆڵ كردووە، دەڵێن فڕەنسییەكان شەش سەكۆی مووشەكی پاتریۆتیان لە نزیك شارەدێی باغوزی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە بڵاو كردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی سوپای فڕەنسا هێزێكی زۆری سەربازی لە منبەج و حەسەكە و عەین عیسا و رەقە بڵاو كردووەتەوە.

جەنەڕاڵ فڕانسوا لیكوانتر سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتیی سوپای فڕەنسی رای گەیاند، سوپای فڕەنسا لە سووریا هاوشانی سوپای ئەمەریكا دەمێنێتەوە بۆ تەواوكردنی ئەركی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

بەڵام محەمەد عەتار كە قسەی بۆ "قودس" كردووە دەڵێ، داعش لە كۆتا قۆناغیدایە لە رووی كاریگەرییەوە، ئەوەی ئەمەریكا دەیكات چاندنی میلیشیای ترە لە سووریا و عێراق كە دەبنە جێگرەوەی داعش. گوتی "گوزەرانی گەلانی ناوچەكە بە كۆتاهاتنی داعش ناگۆڕێت،  بۆیە سەركەوتن بەسەر داعش مانای ئەوە نییە بەرانبەرەكەی ئاشتی بێت، بە پێچەوانەوە رەنگە شوێنگرەوەكەی زۆر رەشتر بێت لە داعش.

لە بارەی مانەوەی هێزی فڕەنسا لە سووریا، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا كە سووریا چووەتە ناو قۆناغێكی نوێی شەڕ، فڕەنسییەكان كێبەركێ لەگەڵ كات دەكەن بۆجێگیركرنی بنكە سەربازییەكانی و فراوانتركردنی بڵاوە پێكردنی هێز  لە زۆرترین رووبەری جیۆگرافی لە سووریایەكی دەوڵەمەند بە نەوت و غاز، لە بەرانبەر ئەو بڵاو پێكردنەی هێز دەبێتە هۆی لە قاڵبدانی هیوای رووسیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری سەرچاوە سروشتییەكانی سووریا و هەروەها فراوانتر بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا.

زیاتر گوتی "لە هەموو ئەوەی روو دەدات هەر لایەك پشكی خۆی لە بەرژەوەندییەكان دەبات تەنیا سوورییەكان نەبێت كە مەرگ لەگەڵیان خۆیان دەبەن".



وشە - فه‌رمان سادق