زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و موقتەدا سەدر

:: PM:04:44:22/05/2018 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئایار/ مایۆ، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی سەردانی بەغدایانكرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ئەوێ‌ لەبارەی حكوومەتی داهاتووی عێراق و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستیان بە گفتوگۆ كرد.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەیاندا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی فراكسیۆن سائیروون كۆبوونەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆیش ژمارەیەكی تر كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدەن.

لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان شاندەكەی پارتی و موقتەدا سەدر، شوان محەمەد ئەندامی شاندەكە و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا ڕای گەیاند، تێڕوانییەكانی موقتەدا سەدر بۆ حكوومەتی داهاتووی عێراق گرنگ بووە و دووپاتی لەسەر بەشداری كاری كورد لە حكوومەتی داهاتوو كردووە.

زیاتر گوتی، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە حكوومەتی ڕابردووی عێراق گەندەڵ و پڕ كێشە بووە و ئەو كێشانەیشی لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕوویداوە ڕەنگدانەوەی حكوومەتی بەغدا بووە.

بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا تەنیا باس لە وەرگرتنی پۆست بۆ پارتی نەكراوە، بەڵكو تەواوی كێشەكانی كوردستان خراوەتەڕوو كە پارتی ئەوە بە ئەركی خۆی دەزانێت.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندەكەی پارتی لەگەڵ چەند لایەنێكی تری بەغدا گفتوگۆ بكات و بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتیش بێت، ئەوان ڤیتۆیان لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە و ڤیتۆش لەسەر پارتی لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم