‌بۆچی نابێت گوێچكەمان پاك بكەینەوە؟

:: PM:07:56:14/06/2018 ‌
گوێ، ئەو ئەندامەیە کە دەنگ وەردەگرێت و دەیناسێتەوە و هاوسەنگیی ناوەکی دەپارێزێت. گوێ لەسێ بەشی سەرەکی پێک دێت ئەوانیش گوێی دەرەوە و گوێی ناوەوە و گوێی ناوەڕاست.

گوێی دەرەوە لە پەڕەی گوێ و بیستە جۆگە (Auditory canal) و تەپڵە پەردە (Tympamic membrane) پێک دێت.

پەڕەی گوێ لەرینەوە دەنگییەکان ئاڕاستەی ناو گوێ دەکات و لەڕێگەی بیستە جۆگەوە بە تەپڵە پەردە دەگات.


گوێچكه‌كانی مرۆڤ به‌ هه‌ستیارترین و ناسكترین شوێنی جه‌سته‌ی مرۆڤ داده‌نرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و ئه‌گه‌ر بێ زانیاری و به‌پشت به‌ستن به‌و كرده‌وانه‌ی پێشتر به‌كارهێنراون بۆ گوێ پاككردنه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ بكه‌ین تووشی زیانی زۆر ده‌بن.

پزیشكان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌خراپی و به‌ نه‌زانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گوێچكه‌كاندا، زۆر به‌ ئاسایی ده‌بێته‌ هۆی كه‌متوانایی بیستن و زیانگه‌ندن به‌مێشك.

زۆربه‌ى جار وه‌ك خوویه‌ك یان دواى ده‌رچوون له‌ حه‌مام كه‌ پێمان وایه‌ به‌ خستنه‌ ژووره‌وه‌ى لۆكه‌ ووشك ده‌بێته‌وه‌ و پیسییه‌كان نامێنێت، به‌ڵام پزیشكه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ كه‌ هیچ ڕاستییه‌كى نییه‌ ئه‌و وتانه‌‌.

زۆركەس هەن پێیان وایە بۆ پاك ڕاگرتنی گوێیان دەبێت گوێ پاكەرەوە یاخوود هەرشتێكی دیكە بۆ گوێیان بەكاربهێنن، بەڵام لە ڕاستیدا كارێكی هەڵەیە ئەگەر كارێكی وەها ئەنجام بدرێت.

دكتۆر شاخه‌وان محه‌مه‌د به‌رپرسى ئەكادیمیای لووت و قورگ و گوێی له‌ شارى كه‌ركووك به‌ "وشه‌"ـى  ڕاگه‌یاند، كه‌ گوێ پاكەرەوە یان پەنچە كردن بە گوێدا یاخود هەر شتێكی دیكە خراپه‌ و زیانى هه‌یه‌ و پێشى وایە كارێكی زۆر خراپە بۆ ته‌ندرووستى په‌رده‌كانى گوێ و گوێى ناوه‌وه‌ و زیانی گەورە بە تەندروستی گوێچكەكان دەگەیەنێت.

مادەی مۆمی لەناو گوێیەكاندا هەیە مادەیەكی بەسوودە و بە (پاككەرەوەی ڕوپۆشی گوێچە) دادەنرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە دژە بەكتریای تێدایە هەر لە پەردەی گوێوە تاوەكو دیوی دەرەوە پاك دەكاتەوە بێ‌ ئەوەی پێویست بە دەست تێوەردانی دەرەكی هەبێت و پاشان خۆی ووشك دەبێتەوە و دەوەرێت ، بۆیە ئەگەر مۆمی ناو گوێ‌ نەبێت ئەوا ڕووپۆشی ناوگوێ‌ وشك دەبێتەوە و دەخورێت و هەستیاری پەیدا دەكات.

كاتێ‌ گوێ‌ پاك دەكەیتەوە چی ڕوو دەدات؟

هەر كە گوێ‌ پاكەرەوە بەكاردەهێنیت مۆمی ناو گوێ زۆرتر دەبەیتەوە ناوگوێ‌ واتە پاڵەپەستۆ دەخرێتە سەری و زیاتر نزیكی دەكەیتەوە لە پەردەی گوێ‌، زیانێكی زۆر بەو پەردەیە دەگەیەنێت ئەوه‌ش دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی لەسەر پەردەی گوێ‌ و وەك ئەوەیە ئەو پەردەیە چەن چین بێت و گوێ‌ كپ دەكات بەمەش كەڕوەكان و بەكتریا و ڤایرۆسی جۆراوجۆر دەچێتە ناو گوێ‌ و ئازاری زۆر تووشی گوێ دەكات و زۆرجاریش دەبێتە هۆی لەدەست دانی بیستن.

ئایا چ كاتێك دەبێت گوێ‌ پاك بكرێتەوە؟

نابێت هیچ كات گوێیەكان پاك بكرێتەوە دوور لە ڕێنوێنى پزیشك بەپاككردنەوەی گوێیەكان تەنها دووچاری كارێكی هەڵە دەبیت وەك ئەوەی پێستی ناوەوەی گوێیەكان دابماڵیت و دەبێتە هۆی هەوكردنێكی زۆری گوێ‌ هەر كە گوێ‌ بخورێنیت زیاتر تووشی خوران دەبێت، تەنها كاتێك دەبێت پاك بكرێتەوە كە پزیشك بڕیار بدات و بە ئامێری تایبەت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە پاك بكرێتەوە.

پزیشكان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ناردنی لووله‌ی گوێچكه‌ پاككردنه‌وه‌ بۆ ناو گوێ، ده‌بێته‌ هۆی نه‌هێشتنی په‌رده‌ی ته‌نكی گوێچكه‌، ئه‌و په‌رده‌ ته‌نكه‌ دژه‌ به‌كتریایه‌ و به‌شێكی هه‌ره‌ گرنگه‌ بۆ به‌رگریكردنی له‌ گوێچكه‌كان، ئامرازێكی سرووشتییه‌ بۆ پاكڕاگرتنی گوێچكه‌كان، بۆیه‌ نه‌مانی ئه‌و په‌رده‌ ته‌نكه‌ واته‌ نه‌هێشتنی رێگری له‌به‌رده‌م به‌كتریاكان و نه‌مانی به‌شی به‌رگریكردن له‌ گوێچكه‌ له‌ زه‌بر و ته‌نه‌ مه‌ترسیداره‌كان، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێك به‌سه‌ر گوێچكه‌ دێنێت.

گرنگترین زانیاری كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان بیزانن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێچكه‌ خۆی خۆی پاك ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و په‌رده‌ ته‌نكه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێچكه‌كانمان پێویستیان به‌ پاككردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆخۆی سیستمێكی به‌هێزی به‌رگریكردنی هه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی بوونی ته‌نێكی ناپێویست ده‌كرێته‌وه‌ و ته‌نه‌كه‌ ده‌خاته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌و ماده‌ زه‌رده‌ی كه‌ له‌ نێو گوێچكه‌ ده‌رده‌درێ ده‌بێ بمێنێت و بپارێزرێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ ماده‌یه‌كی دژه‌ زینده‌وه‌ره‌ و هه‌ر زینده‌وه‌رێكی بچووك یان هه‌ر ته‌نێك بچێته‌ ناو گوێچكه‌وه‌ له‌كاتی به‌ركه‌وتنی به‌و ماده‌یه‌ له‌ناو ده‌چێت، به‌ڵام كاتێك ئه‌و ماده‌ زه‌رده‌ له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی گوێچكه‌ زۆر بوو، ئه‌و كات ده‌توانن ته‌نیا به‌شی ده‌ره‌وه‌ی گوێچكه‌ پاك بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ خۆپارێزی و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ نه‌گاته‌ به‌شی ناوه‌وه‌ی گوێچكه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ پزیشكان زۆر سوورن له‌سه‌ر رێگری كردن له‌ به‌كارهێنانی گوێچكه‌ پاككه‌ره‌وه‌، چونكه‌ مه‌ترسی زۆری بۆ سه‌ر توانای بیستن و گوێچكه‌كانمان ده‌بێت.


وشە - محەمەد میران