لە شەوی ڕابردووەوە بەغدا هێز ڕه‌وانه‌ی كەركووك ده‌كات

:: AM:11:14:21/06/2018 ‌
شەوی ڕابردوو هێزێكی زۆری عێراق هاتوونەتە شاری كەركووك و تا ئێستە نەزانراوە هۆكاری هاتنی ئەو هێزە بۆ چییە و كورد و عەرەبی كەركووكیش هاتنی ئەو هێزە ڕەت دەكەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" شەوی ڕابردوو كاروانێكی بەرفراوانی هێزەكانی عێراق كە نەناسراون هاتوونەتە شاری كەركووك و لە چەند شوێنێك دابەشبوون.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، تا ئێستە ڕوون نییە ئەو هێزە بۆچی هاتوون و بەنیازی چین، بەڵام زانراوە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی جۆری باجەر و 27 هەمەڕ و چەندی ئۆتۆمبێلی سەربازی تریان پێیە.
 
سەعید شێخ بایز ئەندامی كارگێڕی و تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێ‌ جار پێوەندیمان بە پارێزگار كردووە لەسەر هاتنی ئەو هێزە نوێیە بۆ كەركووك، ئەویش دەڵێت نازانم، هیچ وەڵامێكی لا نییە.

شێخ بایز ئاشكرای كرد، ئێستە دۆخی تەناهی بە تایبەت لە دەرەوەی شار زۆر نائارامە و پێویستە ئەو هێزە لە باشووری كەركووك بێت نەك ناو كەركووك.

ماوەی دوو هەفتەیە دۆخێكی نائارام لە كەركووك و دەوروبەری هەیە و داعش جموجۆڵەكانی دەست پێ‌ كردووەتەوە و چەندان تەقینەوە و ئەنجامدانی كوشتنی بەكۆمەڵی ئەنجام داوە.


وشە - رامیار جەواد