یه‌كشه‌م توركیا بڕیار ده‌دا.. له‌ نێوان تاكڕه‌وی ئه‌ردۆغان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیموكراسی

:: PM:03:57:21/06/2018 ‌

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تایبەت و دەرەوە، تەنیا چەند رۆژێك ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، بەگوێرەی دوا راپرسییەكانی ناوەندەكانی دەنگدانیش بێت ئەردۆغان بە خولی یەكەم ناتوانێت ببێتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار.

رۆژی سێشەمی رابردوو 19ی حوزەیران، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بۆ رەوەندی توركی لە دەرەوە ئەنجام درا، لەم هەڵبژاردنەدا لە كۆی سێ ملیۆن و 47 هەزار و 323 دەنگدەر لە 60 وڵاتی بیانی و 123 نوێنەرایەتی توركیا لە دەرەوە، ملیۆنێك و 486 هەزار و 408 دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژارنەكە كردووە.

ئاژانسی "ئانادۆڵی" توركی، لە هەوڵێكدا دەڵێ، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بۆ دەنگدەرانی دەرەوە گەیشتووەتە 48.78% كە ئەمە رێژەیەكی زۆر بەرزە بۆ هەڵبژاردنی دەنگدەری تایبەت لە دەرەوەی وڵات، چاوەڕوانیش دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا دەنگەكان بگوازرێنەوە بۆ سەنتەری سەرەكی جیاكردنەوەی دەنگەكان و ئۆفیسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە ئەنكەرە.

بڕیارە رۆژی یەكشەم 24ی حوزەیران، هەڵبژاردنی گشی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی توركیا ئەنجام بدرێت

بەگوێرەی دوا راپرسی پەیمانگەی "سۆنار" بۆ راپرسی، پێشبینی دەكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەم هەڵبژاردنەدا نەتوانێ لە گەڕی یەكەمدا سەركەوتن مسۆگەر بكات بۆ بوونەوەی بە سەرۆكی وڵات بۆ جاری دووەم لەسەر یەكتر كە بڕیاری گەڕی یەكەم لە 24ی مانگ بەڕێوە بچێت و گەڕی دووەمیش ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیانتوانی 50+1 بەدەست بهێنن، ئەوا دوای دوو هەفتەی تر ئەنجام دەدرێت.

ئەنجامی راپرسی پەیمانگەكە كە ئاژانسی "ئەنادۆڵ"ی فەرمی دەوڵەتی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، روونی دەكاتەوە كە ئەردۆغان لە گەڕی دووەم براوە دەبێت.

ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا لەوانی پێشخۆی جیا دەكاتەوە، گۆڕانكارییە لە رژێمی حوكمڕانی كە بەپێی راپرسییەكەی ساڵی رابردوو رژێمی حوكم لە توركیا لە پەرلەمانییەوە بوو بە سەرۆكایەتی، بەمەش ئەگەر ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردن بێت، ئەوا زیاتر دەستكراوە دەبێت لە هەنگاونان و بڕیاردان بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و بەرپرسیش نابێت لە بەردەم پەرلەمان.

بەڵام نەیارانی ئەردۆغان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەگەر براوەی هەڵبژاردن ببن، ئەوا رژێمی حوكم دەستكاری دەكەنەوە و دەیكەنەوە بە پەرلەمانی.

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكەی 16ی ئەپرێلی 2017 كە لایەنگرانی ئەردۆغان براوە بوون بۆ گۆڕانكاری لە دەستوور، 18 مادەی دەستووری هەموار كرا، دیارترینیان گۆڕینی سیستەمی سیاسی و زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بوو لە 550 بۆ 600 كورسی.

جێی باسە لە 18ی نیسانی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند لە 24ی ئەم مانگە، ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا ساڵێك ما بوو خولی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بكات.

راپرسییەكەی پەیمانگەی سۆنار كە 29ی ئایار تا سێی حوزەیران ئەنجام دراوە و سێ هەزار كەس لە 26 هەرێمی توركیا بەشدارییان تێدا كردبوو، ئەردۆغان 48.3%ی دەنگەكانی بەدەست هێنابوو، هاوكات موحڕەم ئینجەی ركابەریشی 34.1%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا بوو.

پێوەند بە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەگوێرەی راپرسیەكە بێت ئەوا حزبی داد و گەشەپێدان بە سەركردایەتی ئەردۆغان 42.2%ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و هاوپەیمانە نەتەوەییەكەشی 7.1%.

هاوكات هاوپەیمانی نێوان پارتی گەلی كۆماری ركابەریش 39.5% و پارتی گەلانی دیموكراتیش "پەیەدە" بەربەستی 10% تێپەڕ دەكات كە پێویستە بۆ چوونە ناو پەرلەمان.

بەگوێرەی زانیارییەكانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا بێت، ئەوا 56 ملیۆن و 322 هەزار و 632 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكەش 180 هەزار سندووق لە ناوەوەی وڵات  دابین كراوە و هەر دەنگدەرێك لەسەر دوو كاغەزی تایبەت دەنگ دەدات، یەكیان بۆ سەرۆكایەتی و ئەوەی تریش بۆ پەرلەمان و دەیخاتە ناو یەك زەرف و یەك سندووق.

جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی تر، لیژنەی باڵا رەزامەندی داوە لە بردنە دەرەوەی سندووقەكانی دەنگدان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و نەخۆشەكان كە ناتوانن بگەن بە ناوەندەكانی دەنگدان، ئەم خزمەتگوزارییەش یەكەمجارە لە توركیا كاری پێ دەكرێت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، شەش كاندید كێبەركێ دەكەن، دیارترینیان ئەردۆغان و ئینجەیە، هاوشانی ئەوانیش میرراڵ ئەكشینار و سەڵاحەدین دەمیرتاش هەن كە چانسیان هەیە دەنگی زۆر بەدەست بهێنن. ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا هیچ كاندیدێك نەیتوانی دەنگی 50+1 بەدەست بهێنێت، ئەوا دوای دوو هەفتەی تر و  لەگەڕی دووەم كێبەركێ لەنێوان دوو كاندید دەكرێت كە لە گەڕی یەكەمدا زۆرترین  دەنگیان بەدەستهێناوە.

هەرچی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیایە، ئەوا 11 حزب و لایەنی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە و كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی 600 كورسی پەرلەمان دەكەن.
 
سەعید حاج نووسەری دیاری تورك قسەی بۆ "ئێن پی تورکی" کردووە، دەڵێ ئەرۆدغان و حزبەكەی لەم هەڵبژاردنە پشت بە دەستكەوتەكانی پێشتریان دەبەستن و پێیان وایە دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت، ئەوان پێیان وایە دەبێت كەسێك هەبێت سەركردایەتی توركیا بكات بۆ ئەم قۆناغە سەختە، بۆ ئەمەش ئەردۆغان خۆی بە كەسایەتییەكی شیاو دەزانێت، لە بەرانبەر ئەو ئاراستەیەش، ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەتایبەت پارتی گەلی كۆماری و ئینجەی كاندیدیان، پشت بەو تەنگژانە دەبەستن كە رووبەڕووی توركیا بووەتەوە بە تایبەت تەنگژەی ئابووری و تێكچوونی پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، پێیان وایە ئەردۆغان لەمەدا شكستی هێناوە و توركیای رووبەڕووی دۆخێكی ناهەموار كردووەتەوە.




وشە - فه‌رمان سادق