ژنێك په‌نجه‌ی به‌ ده‌رگا لێ بووه‌وه‌ و سه‌گه‌كه‌ی خواردی

:: AM:11:38:24/06/2018 ‌

ژنێكی به‌ریتانی له‌ ڕووداوێكدا ده‌ستی به‌ ده‌رگاوه‌ گیر بوو و پارچه‌ی په‌نجه‌یه‌كی لێ بووه‌وه‌، له‌ ناكاو سه‌گه‌كه‌ی لێی نزیك بووه‌وه‌ و پارچه‌ی په‌نجه‌كه‌ی خوارد.

به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵه‌ی ماڵپه‌ڕی لبنان24 بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ژنێكی به‌ریتانی به‌ ناوی كایلی كای كه‌ مامۆستای دانس بووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی به‌ریتانیا، تووشی ڕووداوێك بووه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ ده‌رگایه‌كی داخستووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی به‌شێكی په‌نجه‌ی، دواتریش سه‌گه‌كه‌ی قووتی داوه‌.

دوای ئه‌و ڕووداوه‌، مامۆستاكه‌ به‌ په‌له‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ناوچه‌ی ساسكسی به‌ریتانیای كردووه‌، تا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ برینه‌كه‌ی بكه‌ن و په‌نجه‌ی چاره‌ بكه‌ن.

بێگومان به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ بڕواته‌ قوتابخانه‌ و وانه‌ بڵێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ڕێی هه‌ژماره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك قوتابییه‌كانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ستی تووشی ئه‌و ڕووداوه‌ بووه‌ و ناتوانێت بڕواته‌وه‌ قوتابخانه‌، له‌گه‌ڵ پۆسته‌كه‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌كی په‌نجه‌ و ده‌ستیشی داناوه‌.

سه‌رچاوه‌_ لبنان24








وشە - ڕێناس شابان