ساختەكارییەكان ئاشكرابوون..ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ژماردن بە دەست جیاوازە

:: PM:01:14:05/07/2018 ‌


جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركووك بەردەوامە و تا ئێستە نزیك 100 سندووق تەواو بووە، بەرەی توركمانی دەڵێ گۆڕانكاری لە دەنگەكان بووە و داوا دەكەن هەموو سندووقەكان بە دەست جیا بكرێنەوە، بەڵام گۆڕان و سۆسیالیست دەڵێن بەمشێوازە گۆڕانكاری روو نادات، رەخنەیان لە شێوازی جیاكردنەوەی دەنگەكان هەیە.

لە كۆی دوو هەزار و 500 سندووق، ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تەمووز، سێیەم رۆژە لیژنەی جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە كەركووك، لە هۆڵێكی وەرزشی سەرقاڵی هەژمار كردنەوەی 500 سندووقن، تا ئێستە بە فەرمی رانەگەیەنراوە كاریان لەسەر چەند سندووق كردووە، بەڵام نوێنەری لایەنە سیاسییەكان دەڵێن لە دوو رۆژی یەكەم تا 80 سندووق هەژمار كراوەتەوە كە زیاتر لە 30 سندووقی داقووق بۆ یەكەمجار هەڵدراوەتەوە و پێشتر لەگەڵ سندووقەكانی تر هەژمار نەكرابوو، ئەوان پێیان وایە رەنگە ئەمڕۆ بگاتە 150 سندووق.

بەپێی رێنوێنییەكانی كۆمسیۆن بێت، ئەگەر 25%ی سندووقەكان ساختەكارییان تێدا كرابێت كە لە كۆی 500 سندووق دەكاتە 125، ئەوا ئەگەری هەیە تەواوی سندووقەكانی كەركووك كە دوو هەزار و 500 سندووقە، بە دەست هەژمار بكرێنەوە، لەم ژمارەیەش دیسان 25%ی كە دەكاتە 625 سندووق، ساختەكاریی تێدا كرابێت، ئەگەری هەیە هەڵبژاردن لە شارەكە دووبارە بكرێتەوە.

لە هۆڵێكی گەرمی وەرزشی كەركووك كە پلەی گەرمییەكەی 50پلەی تێپەڕاندووە و بەدیار فێنكەرەوە، لیژنەی كۆمسیۆن كە ژمارەیان 40 فەرمانبەر و هەشت دادوەرن، بە بەرچاوی نوێنەری حزبەكان و چاودێران لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نەتەوە یەكگرتووەكان و راگەیاندكاران، سەرقاڵی جیاكردنەوەی دەنگەكانن. پێوەند بە پەیامنێرانی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆیان نییە مۆبایلی زیرەك كە كامێرای هەبێت ببەنە ژوورەوە، تەنیا كاغەز و قەڵەم نەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە هەژماركردنەوەی دەستی سندووقەكانی 32 ناوەندی هەڵبژاردن كە هەر ناوەندێك زیاتر لە سێ سندووقی تێدایە، جیاوازی زۆر دەركەوتووە كە زیاتر پێوەندارە بە شارۆكە و شارەدێیەكانی دەوروبەری كەركووك، پێوەند بەناو شار، زانیارییەكان دەڵێن گۆڕانكارییەكی وەها رووی نەداوە.

یەكێك لە دادوەرانی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی، قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە و دەڵێ، جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ئەو ئەنجامە ئەلیكترۆنییەی راگەیەنراوە لەگەڵ ئەوەی بە دەست جیا كراوەتەوە.

روونی كردەوە ئەگەر ئەنجامەكە بەمجۆرە بێت، لە سندووقەكانی تر ئەگەری هەیە لیژنە بڕیار بدات كە تەواوی سندووقەكانی كەركووك بە دەست جیا بكرێنەوە، ئەگەریش لە دوو هەزار و 500 سندووقەكەش هەروا بێت و ئاستی ساختەكاری زۆر بێت، رەنگە داوای دووبارە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت. گوتی "زۆرینەی ساختەكارییەكان لە بەرژەوەندیی حزبە كوردییەكان بووە بە تایبەت لە خورماتوو و داقووق و و پردێ و ناوەندی شاری كەركووكیش".

پێوەند بەو پرسە، حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی دەڵێ، جیاوازییەكانی دوو رۆژی رابردووی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە كەركووك، گۆڕانكاری گەورەی نیشان داوە لە نێوان ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە و ئەنجامی دەستی. گوتی "ئیتر ساختەكاری لە قسەی گشتی دەرچووە و بووە بە ژمارە".

تۆران ئەوەشی خستەڕوو، وەك بەرەی توركمانی دەخوازن جیاكردنەوەی دەستی بۆ هەر دوو هەزار و 500 سندووقەكەی كەركووك بكرێت نەك تەنیا 500 سندووق كە كۆمسیۆن بڕیاری لەسەر داوە.

رێدار فاتح لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركووك لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، لیژنەكە لە رۆژی یەكەمی 24 سندووقی هەژمار كردووە كە پێشتر جیا نەكرابووەوە و هی سنووری داقووق بوو، بۆ رۆژی دووەم زیاتر لە 50 سندووق هەژمار كراوەتەوە و تا ئێستەش كە نیوەڕۆی رۆژی سێیەمی جیا كردنەوەی دەنگەكانە، زیاتر لە 100 سندووق لە كۆی 500 سندووقەكە جیا كراوەتەوە.

لەبارەی شێوازی جیا كردنەوەكە، رێدار روونی كردەوە كە لیژنەكە رێ بە نوێنەری هیچ لایەنێكی سیاسی نادەن شێوازی هەژماركردنەوەكە ببینن، تەنیا ئەوە نەبێت دواتر بە لیستێك رای دەگەیەنن كە فڵان سندووق ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكەی بەمجۆرە بووە و ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستیش بەمجۆرەیە. گوتی "ئێمە رەخنەمان لەسەر ئەو شێوازە هەیە، كەسمان نازانین ئەوان لەوسەری هۆڵەكە خەریكی چین، چونكە رێمان پێ نادەن بە چاوی خۆمان ببینین چۆن بەدەست جیای دەكەنەوە".

ئەو كادیرەی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو ئەوەی تا ئێستە جیا كراوەتەوە، هیچی وەهای جیاواز نییە لە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە، بۆیە پێ ناچێت ئەنجامی كۆتایی گۆڕانكاری بەسەر ژمارەی كورسییەكانی كەس بهێنێت. زیاتر گوتی "دەنگی هەموو لایەنەكان، یەكێتی و بەرەی توركمانی و عەرەبەكانیش، بە هاوپەیمانی نیشتمانیش كەمی كردووە".

لای خۆیەوە رەسووڵ رەئووف بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالیست لە كەركووك لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە نوێنەری حزبەكەیان لە لیژنەی چاودێری جیاكردنەوەی دەنگ بە دەست، پێی راگەیاندووە لە 50 سندووقی ناوشار تەنیا یەك سندووقی 50 دەنگێكی جیاواز بووە و ئەوانی تر 100% وەك خۆی بووە.

روونی كردەوە ئەوەی گۆڕانكاری دروست كردووە، لەو سندووقانەیە كە پێشتر هەژمار نەكرابوو، گوتی "دڵنیات دەكەمەوە هیچ گۆڕانكاری روو نادات نەك بۆ ئێمە و لیستی نیشتمانی، بەڵكو بۆ عەرەب و توركمانەكانیش". گوتی "لە داقووق لە كۆی 600 دەنگی جیاكراوە بۆ یەكەمجار، 99 دەنگمان هەبووە كەچی لەناو شار هیچمان نییە، بۆیە هەژماركردنەوەی دەستیش كورسی بۆ كەس زیاد و كەم ناكات، چونكە دەنگەكان هەرچەند جیاواز دەركەون، ناگاتە هەزار دەنگێك كە گۆڕانكاری لە كورسییەكان بكات".



وشە - فه‌رمان سادق