دۆخی ناسەقامگیری بەسڕە پەرە دەستێنێ


ئێوارەی ئەمڕۆ سەتان كەس لە خەڵكی شارۆكەی زوبێر لە رۆژاوای بەسڕە خۆپێشاندانێكی ناڕەزایەتیان ساز كرد و بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووری شەلامچەیش لە رۆژهەڵاتی بەسڕەیش دووپاتی كردەوە كە جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆ بەهۆی ناڕەزاییەكانی بەسڕە وەستاوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم سەتان كەس لە خەڵكی شارۆكەی زوبێر خۆپێشاندانێكیان ساز كرد و بەشداران ئاماژەیان كرد كە لە یاریگەی زوبێرەوە بەرەو ناوچەی جاهزە رۆیشتوون و ئەوان رەخنەیان لە خراپیی خزمەتگوزارییەكان و پچڕانی تەزووی كارەبا بەتایبەتی لە شارۆكەكەیان كە نەوتێكی زۆری هەیە، گرت.

خۆپێشاندەران داوایان كرد كە حكوومەت ئاوڕ لە ناوچەكە بداتەوە و ئەوان بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی تا جێبەجێبوونی داواكانیان و ئەگەر فەرامۆش بكرێن، ئەوە نارەزایەتییەكان فرەوانتر دەكەن.

لای خۆیەوە عەقید قوسەی شاوی، بەڕٍێوەبەری دەروازەی سنووری شەلامچە رای گەیاند كە ئەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ لەبەردەم دەروازەكە كرا، بووە هۆی داخستنی رێگە و رێگرتن لە هاتوچۆی بازرگانی و فەرمانبەرانی دەروازەكە بۆ چوونە سەر كاریان. 

هەر ئەمڕۆ سەتان كەس لە خەڵكی شارۆكەی شەتولعەرەب رێگەی دەروازەی شەلامچەیان لەگەڵ ئێران داخست و داوای دابینكردنی خزمەتگوزاری و هەلی كاریان كرد بۆ ناوچەكانیان، لەو كاتەی ژمارەیەك لە شارەكانی باشوور لەوانە موسەنا و دیوانییە و میسان بەنیازن خۆپێشاندانی جەماوەری بۆ پاڵپشتی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە ساز بكەن. 

محەمەد سەیهوود، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لەبارەی رووداوەكانی بەڕە دەڵێت، ئەوەی لە بەسڕە روو دەدات شۆرشە لەدژی خراپی خزمەتگوزاری و بێكاری و بێكارەبایی و ئەگەر داوای جەماوەر جێبەجێ نەبێت توڕەیی جەماوەر زیاتر دەبێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:09:36:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌