ئێران دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكات
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چڕی گوند و ئاوایییەكانی دەڤەری برادۆستی لە سنووری سۆران تۆپباران كرد و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە تۆپبارانەكە بەردەوامە.
هەژار سەلمان هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی تۆبزاوەی سیدەكانە بە "وشە"ی راگەیاند، تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چڕی چیای بەربزین و گوندی كەتینە و بنپەرێزە و بەنێ و دەرهۆڵ و بنی ڕەشكین و گەرووی سنگا تۆپباران دەكەن.
زیاتر گوتی، تۆپبارانەكە بەردەوامی هەیە و ئاگریش بەربووەتە رەز و باغەكانی هاووڵاتییان و گوندنشینان، لە ترسی تۆپبارانەكەیش رێژەیەكی زۆری گوندنشینان و جووتیار و رەوەند كوێستانەكانی بەربزینیان جێ هێشتووە و هاتوونەتە خوارەوە.
هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهیش بۆ "وشە" زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، بەهۆی بوونی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات لە سنووری سیدەكان و ئەو ململانێی نێوان هەردوولا لە رۆژهەڵاتی كوردستان وای كردووە ئێران گوند و ئاوایییەكانی سیدەكان بكاتە ئامانج و تۆپبارانی بكات.
سەرباری ئێران، چەندان جاری تر توركیا ئەو سنوورەی بە بیانووی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆردمان كردووە و زیانی زۆری بە خەڵكی ئەو سنوورە گەیاندووە.
سیدەكان/ موڕشید برادۆستی
وشە -
سهرخێڵ هاشم