بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی چالاكێكی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دۆزرایەوە كە كوڕێك و برازایەكی ئێستە لە ئێران بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سەعات یەك و 30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئیقبال مورادی چالاكی سیاسی لەسەر چەمی پێنجوێن دۆزراوەتەوە.
ئیقبال چالاكی سیاسیی و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانە و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەهۆی فشارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ماوەی چەند ساڵێكە نیشتەجێی شارۆكەی پێنجوێنە.
ئیقبال هەمیشە داوای مافەكانی مرۆڤی كردووە و ئێستەش زانیار مورادی كوڕی و لوقمان مورادیی برازای كە دوو زیندانی سیاسیی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
دەزگا ڕاگەیاندنەكانی نزیك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵات هەواڵی تیرۆركردنی ئیقبال مورادیان پشتڕاست كردووەتەوە و ئاشكرایان كردووە لە شارۆكەی پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندان كەسایەتی سیاسی و چالاكی خۆرهەڵات لە هەرێمی كوردستان تیرۆر كراون و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی پێشمەرگەی خۆرهەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنیان.