نرخی نەوت بۆ دووەم هەفتەی لەدوای یەك دابەزی

:: AM:09:27:11/08/2018 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا ئەم هەفتەیەش بەراورد بە هەفتەی رابردوو دابەزینی تۆمار كرد، سەرەڕای ئەوەی كە لە دوایین رۆژی هەفتەكە نزیكەی دۆلارێك لە نرخی بەرز بووەوە.

شەوی رابردوو كۆتایی بە هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە هات. رۆژانی دووشەم، سێشەم و دوێنێ هەینی بەرزبوونەوەی نرخ تۆمار كرا، بەڵام رۆژانی چوارشەم و پێنجشەم بە رێژەیەكی بەرچاو نرخی نەوت دابەزی.

بەگوێرەی dailyfx كۆتایی هەفتەیەك پێشتر نرخی نەوت بە 73 دۆلار و 35 سەنت بەسترابوو، بەڵام شەوی رابردوو دوایین نرخ بریتی بوو لە72 دۆلار و 93 سەنت. هاوكات نەوتی ئەمەریكیش ناسراو بە WTI لە 68 دۆلار و 50 سەنتەوە دابەزی بۆ 67 دۆلار و 70 سەنت.

هۆكاریكی سەرەكی تر كە لە ماوەی  رابردوودا كاریگەریی بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت هەبووە، ئەو جەنگە ئابوورییەیە كە لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە، ئاخر هەر جۆرە جەنگێكی ئابووری دواجار كاریگەریی بۆ سەر كەرتی پیشەسازی و دابەزینی بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەبێت و دەبێتە هۆی پاشەكشەكردن بە ئابووری وڵاتان و لەو كاتەشدا ئاستی داخوازی لەسەر نەوت كەم دەبێت و دواجار نرخی نەوت تووشی دابەزین دەكات.

گرنگترین هۆكاریش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەو مەترسییانە بووە كە چاوەڕوان دەكرێت لە ئاكامی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر نەوتی ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێنە دی.





وشە - سلێمان تاشان